ڕۆژى سێشه‌ممه ڕێكه‌وتى 27/3/2012 هێزه كوردستانییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بانگهێشتى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له دیوانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمدا كۆبوونه‌وه.
به‌رنامه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بریتى بوو له:
1. بارودۆخى عێراق.
2. سه‌ردانى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات.
كۆبوونه‌وه به وردى هه‌ڵوه‌سته‌ى له‌سه‌ر دۆخى سیاسى عێراق به‌گشتى و كێشه‌ى نێوان به‌غدا و هه‌رێمى كوردستان كرد. له ئاكامى گۆڕینه‌وه‌ى بیروراى به‌رپرسیارانه‌ى بارودۆخه‌كه، كۆبوونه‌وه گه‌یشته ئه‌و بروایه‌ى كه:
- كێشه سیاسیه‌كانى نێوان هێزه سیاسیه‌كانى سه‌راپاى عێراق، به تایبه‌تى له نێوان هه‌ردوو فراكسیۆنى عێراقییه و ده‌وله‌تى یاسا، ئاسۆى چاره‌سه‌ر كردنى دیار نییه و نیه‌تى كۆتایى پێهێنانى كێشه‌كانیش، جگه له تاكتیكى سیاسى، چاره‌سه‌رى سیاسى تێدا نابینرێ. ئه‌مه‌ش سایه‌ى مه‌ترسیدار ده‌خاته سه‌ر كۆنگره‌ى هێزه نشتیمانییه‌كانى عێراق، كه بڕیاره و گوایه له مانگى ئایینده‌دا ساز بكرێت.
- سه‌باره‌ت به كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ناوه‌ندیش: كۆبوونه‌وه نیگه‌رانه له جێبه‌جێ نه‌كردنى رێككه‌وتننامه 19 خالیه‌كه كه پێش پێكهێنانى كابینه‌ى به‌ڕێز مالكى دواى گفتوگۆیه‌كى تێروته‌سه‌ل، په‌سند كراوه، ئینجا هاوپه‌یمانى كوردستان ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر پێكهێنانى دوا كابینه ده‌ربڕیوه. به‌ڵام مه‌خابن، خاڵه‌كان هه‌تا ئێستا چاوه‌رێى جێبه‌جێ كردنن.
كێشه‌ى نه‌وت و گاز و ده‌ستى به‌ده‌ستى كردن له جێبه‌جێكردنى مادده‌ى 140 دا و بوودجه و چۆنیه‌تى سه‌رفكردنى، گرفته‌كانى چۆنیه‌تى پێكهێنانى هێزى چه‌كدارى عێراق و پر چه‌ك كردنیان، ڕۆلى سوپاى عێراق، چلۆنایه‌تى دابه‌شكردنى پله و پایه‌كانى سوپا و پله به‌رزكردنه‌وه پێچه‌وانه‌ى ده‌ستوور، قۆرغكردنى ده‌سه‌ڵات و پۆسته‌كان و هه‌یئه‌ته‌كان له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه، ئه‌مانه سه‌ربارى به‌رده‌وام بوونى بارى نائه‌منى له پارێزگاى كه‌ركووك و ناوچه دابرێنراوه‌كانى پارێزگاكانى دیاله، نه‌ینه‌وا، سه‌لاحه‌ددین.
ئه‌و مه‌سه‌لانه و مه‌سه‌له گه‌لێكى تریش، تێكرا كۆبوونه‌وه‌ى گه‌یانده ئه‌و بروایه‌ى كه ده‌بێت هێزه سیاسیه‌كانى عێراق و كوردستان، به پڕۆژه‌یه‌كى سیاسى و ئالیه‌تى چاره‌سه‌رى نوێ له ناوخۆیاندا بكه‌ونه گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ر كردنى كێشه‌كان و دارشتنى بنه‌مایه‌كى سیاسى ته‌وافوقى حوكمرانى ده‌سته‌به‌ر له عێراق و په‌یوه‌ندى عێراق و كوردستان، بۆ كۆتایى پێهێنانى قۆناغى ئاڵۆزى له‌مه‌وبه‌ر و كردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌ى قۆناغێكى سیاسى نوێ له نێوان هێزه سیاسیه‌كان و چۆنیه‌تى به‌شداریى كردنى كارامه‌ترى هێزه‌كان له حكومه‌تدا. پێشمان وایه گه‌ر نه‌توانین روانگه‌ى هاوبه‌ش بۆ ئه‌م قۆناغه نوێیه بدۆزینه‌وه، مه‌ترسى زۆرمان هه‌یه كه نه‌ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ى هه‌ولێرى به‌رێز سه‌رۆكى هه‌رێم و نه‌كۆنگره نیشتیمانییه‌كه‌ى هێزه نیشتمانییه‌كان به سه‌رپه‌رشتى به‌ڕێز سه‌رۆك كۆمارى عێراقى فیدراڵ، بتوانن ئامانجه‌كانیان به‌ره‌و چاره‌سه‌رى بنچینه‌یى بپێكن.
سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ره سیاسیه‌كانى ڕۆژهه‌ڵات و ناوچه‌كه و كوردستانیش، كۆبوونه‌وه وه‌كو مافێكى یاسایى و دیموكراسى جه‌ختى كرده‌وه كه گه‌لى كوردستانیش وه‌كو هه‌موو گه‌لانى جیهان سوود له هه‌ر هه‌لێكى گونجاو ببینێت بۆ دیارى كردنى مافى چاره‌ى خۆنووسین و به‌دى هێنانى ئامانجه هه‌تا ئێستا به‌دى نه‌هاتووه‌كانمان.
ده‌رباره‌ى سه‌فه‌رى سه‌رۆكى هه‌رێمیش بۆ ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا و چه‌ندین وڵاتى دیكه‌ى ڕۆژئاوا، كۆبوونه‌وه هه‌لومه‌رجى سه‌فه‌ره‌كه‌ى به گرنگ زانى و بیروراى پێویستیشى بۆ سه‌رخستنى باشترى سه‌ردانه‌كه، گه‌ڵاله كرد.
له كۆتاییشدا ته‌واوى لایه‌نه به‌شداره‌كانى كۆبوونه‌وه‌كه كۆده‌نگى و روانگه‌ى هاوبه‌شیان له‌سه‌ر كێشه‌كان و چۆنیه‌تى چاره‌سه‌ر كردنیان له‌سه‌ر ئاستى عێراق و هه‌روه‌ها كوردستانیش دووپات كرده‌وه و بڕیاردرا ته‌واوى تواناكان له پێناوى جێبه‌جێكردنى مادده و برگه‌كانى ده‌ستوور و ڕێككه‌وتنه سیاسیه‌كان و خولقاندنى ژینگه‌یه‌كى سیاسى متمانه‌به‌خشى چاره‌سه‌ر، بخه‌نه كار.
پارتى دیمو‌كراتى كوردستان
یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان
یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان
كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان
بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى كوردستان
حزبى سۆسیالیست دیمو‌كراتى كوردستان
حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان
حزبى شیوعی كوردستان
بزووتنه‌وه‌ى دیمو‌كراتى توركمان
بزووتنه‌وه‌ى چاكسازى توركمان
لیستى ئه‌ربیلى توركمانى
ئه‌نجوومه‌نى گه‌ڵى كلدان سریان ئاشوور
بزووتنه‌وه‌ى دیمو‌كراتى ئاشورى
No comments:
Post a Comment