Saturday, June 18, 2011

بەیاننامەیەك لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە سەبارەت بە قۆناغی یەكەمی بەرنامەی بەڕێزیان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی چاكسازیی




بەناوی خوای گەورە و دلۆڤان
خوشك و برایانی بەڕێز،
هاوڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان،،
...بە پێویستی دەزانم ئەمڕۆ قۆناغی یەكەمی ئەنجامی پرۆسەی چاكسازیتان بۆ رابگەیەنم، كە لە رۆژی نەورۆزی ئەمساڵدا خستمانەڕوو، دواتریش لیژنەیەكی باڵامان پێكهێنا كە راستەوخۆ سەر بە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە، ئەركی ئەو لیژنەیە بەدواداچوونی جێبەجێكردنی پرۆژەی چاكسازییە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین لیژنەی فەرعییش دامەزران كە لە كەسانی شارەزا و پسپۆر و نوێنەرانی سەرۆكایەتی هەرێم و وەزارەتەكان و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان پێكهاتووە.
بۆ بەجێگەیاندنی ناوەڕۆكی ئەو پرۆسە چاكسازیەش، بەڵێنمان پێدابوون كە لە ماوەی 3 تا 4 مانگدا دەرەنجامەكانی ببینن.
ئەمڕۆ لێرەدا بە ئێوەی رادەگەیەنین كە لەم دوو مانگەی رابردوودا چیمان كردووە وەك قۆناغی یەكەمی پرۆسەكە.
هەڵبەت بەشێكی زۆری بەرنامەكەمان جێبەجێ كردووە وچەندین بڕیارمان دەركردووە بۆ چاكسازیی و نەهێشتنی ئەو كەموكوڕیانەی كە هەن.

یەكەم: كێشەی زەوی و زار و نیشتەجێبوون
لەسەرەتا بڕیارێكمان دەركرد بۆ رێكخستنی تەرخانكردنی زەوی و پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەكان كە زۆر باسی لێوە دەكرێ‌.
•بۆ ماوەی دوو مانگ تەرخانكردنی گشت جۆرە زەویەكمان راگرت بۆ سەرجەم پڕۆژەكان لە هەموو وەزارەت و دامەزراوەكان، بە پڕۆژەكانی دەستەی وەبەرهێنانیشەوە، بەدەر لە پڕۆژە كشتوكاڵی و پیشەسازی و ئەو پڕۆژە گەشتیاریانەی كە براندی نێودەوڵەتییان هەیە، ئەوەش بە مەبەستی لێكۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو پرۆژانە و دواجار دەستنیشانكردنی كەموكوڕیەكان و كارە نایاساییەكانی لەو پرۆژانەدا هەیە.
هەروەها بۆ ماوەی دوو مانگ پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنانمان راگرت.

•بڕیارێكی دیكەمان دەركرد بۆ راگرتنی كوژانەوەی زەوی كشتوكاڵی بۆ ماوەی (90) نەوەت رۆژ، بە مەبەستی پێداچوونەوە و دەستنیشانكردنی سەرجەم ئەو مامەڵانەی لە چوار ساڵی رابردوودا بە شێوەیەكی نایاسایی ئەنجام دراون، وهەروەها بۆ دانانی میكانیزم و رێنمایی نوێی گونجاو بۆ كاری داهاتوو، لەسەر بنەمای یاسایی و بەرژەوەندی گشتی و پێشكەوتنی وڵاتەكەمان .

•بە نسبەت پڕۆژەكانی موساتەحەش، بڕیارێكی ترمان دەركرد بۆ پووچەڵكردنەوەی هەموو ئەو گرێبەستانەی موساتەحە، كە ماوەی یاساییان بەسەرچووە و دەست پێنەكراون، لەگەڵ وەرگرتنی ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەر بەو گرێبەستانەی لە ماوەی دیاریكراودا تەواو نەكراون.

•سەبارەت بە گرێبەستەكانی موساتەحە، هەتا ئێستا (118) سەد و هەژدە گرێبەستی جۆراوجۆر هەڵوەشێنراوە، كە رووبەرەكەی دەكاتە (1025) هەزار و بیست و پێنج دۆنم و زەوییەكانیش بۆ حكوومەت گەڕایەوە، بۆ ئەوەی لەداهاتوودا لەسەر بنەمای دادپەروەری و هەلی یەكسان بۆ كێبڕكێ‌ بە شێوەیەكی یاسایی و سوودگەیاندن بە بەرژەوەندی گشتی و ژێرخانی ئابووری سوودیان لێوەربگیرێت.

•هەر سەبارەت بە موساتەحە، ئێستا (300) سێ سەد گرێبەستی تر لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە و كار لەسەریان بەردەوامە بۆ ئەوەی بە پێی یاسا یەكلایی بكرێنەوە.

•لیژنەیەكی تایبەت (19) نۆزدە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی لە هەولێر وسلێمانی و دهۆك بە سەركردۆتەوە و وردبینی مەیدانیی كردووە لە رووی پابەندبوونیان بە مەرجەكانی وەبەرهێنان و جێبەجێكردنیانەوە، بە پێی بنەما یاسایی و ئیداریەكانیش مامەڵە لەگەڵ ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەكرێ‌.

•لەسەر راسپاردەی ئێمەش، ژمارەیەك وەزارەت و دامەزراوە ئیداریەكان، دۆسیەی چەندین سەرپێچی و كرداری نایاسایی جۆراوجۆریان داوەتە فەرمانگەكانی داواكاریی گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەكان، بۆ ئەوەی ئیجرائاتی یاسایی پێویست سەبارەت بەو كێشانە وەربگرن.

بە رای ئێمە، ئەوەی لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا كراوە سەبارەت بە پڕۆژەكانی موساتەحە و زەوی و كاری سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان، كارێكی یەكجار ئاڵۆز و قورس بووە، من دەستخۆشی لەو لیژنانە دەكەم كە بە دڵسۆزی ئەركی خۆیان بەجێگەیاندووە.

هەڵبەت بەهۆی بوونی ئیرادەیەكی بەهێز بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی و پاڵپشتیكردنێكی راستەقینەی گەلی كوردستانیش، چاكسازییە، توانیومانە هەتا ئێستا قۆناغێكی باش ببڕین.


دووەم: چەسپاندنی سەروەریی یاسا
هەر لەو ماوەیەدا و بە مەبەستی دابینكردنی دادوەرانی لێهاتوو بۆ بواری قەزائی و زیاتر ئەكتیڤكردنی رۆڵی دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی كوردستان، كارمان كرد بۆ بەكارخستنی پەیمانگای دادوەریی و بڕیار دەركراوە بۆ دامەزراندنی بەڕێوەبەری گشتی پەیمانگەكە.

بۆ یەكەمجار لە هەرێمی كوردستان پەیمانگەیەكی دادوەریی دادەمەزرێت، و ئامانج لە دامەزراندنی پەیمانگەكە ئەوەیە لایەنی دادوەریی لە كوردستان بەرەو پێش هەنگاو بنێت و دادوەر بە شێوازێكی ئەكادیمی دەربچێت و لەمەودوا بەپێی سیستەمی كۆن و لەسەر بنەمای خزمەتی فەرمانبەری یان بە بڕیاری سیاسی یان كارگێڕی دادوەر دانەمەزرێت، و هەر یاساناسێك لەدوای ماوەیەك لەكاركردن بۆی هەیە داواكاری پێشكەش بكات بۆ وەرگیران وەكو قۆتابی لە پەیمانگەی دادوەریی و دوای تەواوكردنی خوێندن بە سەركەوتوویی وەك دادوەر وەربگیرێ‌.

چەندین یاساش دەركراون كە بواری زۆر گرنگ رێكدەخەن وەك:
•یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ژمارە (4)ی ساڵی 2011.
•یاسای دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان ژمارە (5)ی ساڵی 2011.
ئەم دوو یاسایە دەبنە بنەمای یەكخستنەوەی یەكجارەكی دامەزراوەكانی ئاسایش لە هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمایەكی یاسایی و بۆ زیاتر خزمەتكردنی وڵات و دابینكردنی ئاسایش بۆ هاوڵاتیان.
•یاسای رێكخراوە ناحكوومیەكان.
یاساكە دەبێتە هۆی كاراكردنی رۆڵی كاروباری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و رێكخستنیان لە چوارچێوەی یاسادا.
•یاسای سندووقی پشتیوانی پڕۆژە بچووكەكانی لاوان لە هەرێمی كوردستان.
ئەم یاسایەش بۆ پشتگیری لە لاوان و پێشخستنی باری دارایی و هەبوونی بناغەیەكی ئابووری سەربەخۆ بۆ لاوان دەركراوە، و هاندەرێكە بۆ كاراكردنی رۆڵی لاوان و بۆ ئەوەی بتوانن پشت بە تواناكانی خۆیان ببەستن .
•یاسای نەزاهە، كە لە پەرلەمان ئیقرار كراوە و تا ئێستا بۆ سەرۆكایەتی هەرێم بەرز نەكراوەتەوە.
مەسەلەی سەروەریی یاسا و چارەسەركردنی ئەو كێشە بنەڕەتیانەی بە یاسا چارەسەر دەكرێن، لەسەرووی هەموو دۆسیەكانی ترەوەیە و بایەخی زیاتری پێ دەدەین، بۆیە لێرە ئاماژە بە (داواكاریی گشتیی) دەدەین، كە پێویستە رۆڵی ئەم دامەزراوە گرنگە لە رێگای پەسندكردنی پرۆژە یاساكەیانەوە كارا بكرێ‌.

سێیەم: بواری ئیداری
لەم رووەوە چەندین دۆسیەی تریش بەدواداچوونیان بۆ كراوە و بڕیاریان لەسەر دراوە، وەك:
•سەرپێچی ئیداری.
•پڕۆژەی كشتوكاڵی.
•گرێبەستی نایاسایی.
•كێشەی تەجاوزات بۆ سەر موڵكی حكوومەت.
•پڕۆژەكانی سەرمایەگوزاری بیناسازی و رێگاوبان.
•چەندین كێشە و بابەتی لابەلای تایبەت بە سەرپێچی و پێشێلكاری یاسا وبڕیار و رێنماییەكان.
ئەم دۆسیانە لە چەندین شوێنی جیاواز، كە ژمارەیەك كێشەی ئاڵۆز لەخۆ دەگرێت، لەلایەن لیژنەی بەدواداچوونی جێبەجێكردنی پرۆژەی چاكسازیی لێكۆڵینەوەی جددی بۆ كراوە و رێگەچارەی شیاوی بۆ پێشنیار كراوە، هەموو ئیجرائاتێكی یاسایی پێویست گیراوەتە بەر و لیژنەكەش لەسەر كارەكانی خۆی بەردەوام دەبێت تاوەكو پرۆسەكە دەگاتە قۆناغی كۆتایی.

* لە بوارێكی دیكەشدا، لەم ماوەیەدا لە چوارچێوەی گۆڕانكارییە كارگێڕییەكان لەناو حكومەتدا ، چەند بەرپرسێكی حكوومی لە پۆستەكانیان لادراون و لەماوەی داهاتوودا گۆڕانكاری لە پۆستە باڵاكانی حكوومەت بەردەوام دەبێت و كار دەكرێت بۆ دانانی خەلكێكی شیاو لە پۆستەكاندا.

ئازیزان..خۆشەویستان،،
هەروەها ئێمە چەندین بڕیاری دیكەمان دەركردووە، وەك:
•بڕیاری رێكخستنەوەی پرسی پاسەوانەكانی بەرپرسان و كەسایەتییەكان.
وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەمان راسپاردووە بۆ دانانی ئالییەتێكی گونجاو بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتە، كە لەم رۆژانەی داهاتوودا كارەكە كۆتایی پێدێ‌ و راپۆرتێكمان لەو بارەیەوە پێشكەش دەكەن.

•ئەنجومەنی وەزیرانمان راسپاردووە كار بكات بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی پاراستنی بەكاربەر (مجلس حمایە المستهلك)، ئامانجیش لە پێكهێنانی ئەم ئەنجومەنەیە رێكخستنی كاروباری بازاڕە بە شێوەیەك كە لە خزمەتی هاوڵاتیاندا بێ و بەرژەوەندییەكانیان بپارێزێ‌.
•دیسان بڕیارێكمان دەركرد بۆ قەدەغەكردنی ئوتومبێلی جام رەش و بڕیارەكە لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە تەعمیم كراوە.
•بڕیارێكی دیكەمان دەركرد بۆ نەهێشتنی ئەو واستە و واستەكاریەی بۆ سەفەری فەریزەی پیرۆزی حەج هەبوو، بەو بڕیارە مەقعەدی تایبەتی چوونە حەجمان نەهێشت و هەمووان بە یەكسانی چاوەڕێی نۆرەی خۆیان دەكەن بۆ سەردانی ماڵی خوا.

ئێستا چەندین تەوەری دیكەی پرۆژەی چاكسازی لە قۆناغی بەدواداچوون و تاوتوێكردنن، كارەكان خشتەی بۆ دانراوە و قۆناغ بە قۆناغ كاریان لەسەر دەكرێ‌، لەبەر ئەوەی هەر كێشە و دۆسیەیەك كە یەكلاییش دەبێتەوە، دواتر پێویستی بە وردەكاری تر هەیە، بۆ نموونە كە دۆسیەی تەرخانكردنی زەوی و مۆڵەت و موساتەحە و ئیتفاكردنی زەوی كۆتایی پێدێ‌، دواتر هەمواركردنی یاساكان و دانانی ئالییەتی نوێ‌ و گونجاوی پێویستە، بۆیە دەمانەوێ‌ كارەكان بە باشی بەڕێوە بچن و ئەنجامی خوازراوی لێ بكەوێتەوە، كە هەموومان چاوەڕێی بەدیهاتنی دەكەین.
بە شێوەیەكی گشتی ئەو بڕیارانەی دراون بۆ لێپێچینەوەیە دەرهەق بە هەموو پێشێلكاریەكان، بێگومان بە رێگای یاساییش ئەم كێشە و كەموكوڕیانە یەكلایی دەكرێنەوە، پرۆسەی چاكسازییش بۆ بنیاتنانی ئایندەی وڵاتەكەمان و خزمەتكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستانە، ئەوەش بە جێبەجێكردنی سەروەریی یاسا دەستەبەر دەبێ.

خوشكان..برایان،،
ئەو ئازادیەی ئەمڕۆ لە كوردستان بەدەستهێنراوە، دوای قوربانیدانێكی یەكجار زۆر هاتۆتە بەرهەم، ئەم دەستكەوتەیەش تەنیا لە رێگای سەروەریی یاساوە دەتوانین بیپارێزین، بەر لە ئێستا ئەوەم راگەیاند و ئێستاش هەمان هەڵوێستی خۆم دووبارە دەكەمەوە:" یاسا دەستنیشانی ئەوە دەكات كێ‌ گەندەڵی كردووە، منیش بەڵێنی ئەوەتان پێدەدەم، نە كەس دەپارێزم و نە پشتیوانیی لە كەس دەكەم، یاسا چ بڕیارێك بدات و كێ پێویست بێت بچێتە بەر دەمی دادگا، دەبێ ئەوە جێبەجێ بكرێت، هیچ كەسیش لە سەرووی یاساوە نابێت".

بەڕێزان..خۆشەویستان،،
هەڵبەت بەرنامەی چاكسازیی هەمەلایەن و فراوانە، تەوەر و دۆسیەی گرنگ و قورس دەگرێتەوە، بۆیە كار لەسەر ئەو دۆسیانەی پێشوو هەر بەردەوام دەبێ، هێشتا كار دەكرێ‌ بۆ دانانی سیاسەتێكی شەفاف سەبارەت بە گرێبەست و تەندەر، لێكۆڵینەوەی بەردەوام دەكرێ‌ بۆ چارەسەركردنی كێشەی دەرمان لە كوردستان، بەدواداچوون دەكرێ‌ بۆ پەسندكردنی یاسای ئەنجومەنی راژە و دامەزراندنی ئەنجومەنەكە بە مەبەستی دابینكردنی هەلی یەكسانی دامەزراندن.

كار بەردەوامە بۆ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی دیاردەی قۆرخكردنی بازاڕ، لەمبارەیەوەش كار دەكرێت بۆ پەسندكردنی (پڕۆژە یاسای كێبڕكێ و قەدەغەكردنی دیاردەی قۆرخكاریی)، هەروەها خەریكین بەدواداچوون بۆ چەندین بابەت و دۆسیەی تریش بكەین، كێشە و دۆسیەكان هەمووی گرنگن، بەڵام گرنگ و گرنگتر هەیە، چارەسەركردنی زۆر دۆسیە هەیە رێچكەی خۆی وەرگرتووە و بە ئاسانی بەڕێوە دەچێ‌، ئەو ئالییەتەی بۆ بەدواداچوونی دۆسیەكان دانراوە، بە شێوەیەكە، قۆناغی دواتری پرۆسەكەمان بۆ دەستنیشان دەكات، بۆیە دەڵێین، كە ئەنجامی هەرە گرنگ لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا بەدەستمان هێناوە، كردنەوەی ئاسۆیەكی فراوانترە، كە لەو ئامانجە راستەقینەوە نزیكمان دەكاتەوە هەموومان چاوەڕێی بەدیهاتنین.

ستراتیژیەتی چاكسازیی
هاوڵاتیانی ئازیزی كوردستان،
خوشكان..برایان،،
ئەوەی تائێستا لەم ماوە كەمەی رابردوودا جێبەجێ كراوە دەچێتە چوارچێوە قۆناغی سەرەتای بەرنامەی چاكسازییەكان، بەڵام ئێمە بڕوامان بە بەردەوامیی پرۆسەكە هەیە، بۆیە پێویستمان بە ستراتیژیەتێكی روون هەیە، لەبەر ئەوە لێرەدا بە پێویستی دەزانم بە هەمووان رابگەیەنم، كە سەرەڕای بەردەوامبوونمان لەسەر هەموو ئەو دۆسیانەی باسمان كرد، ئێستا ئێمە خۆمان بۆ گەڵاڵەكلادنی پلانێكی هەمەلایەن ودرێژخایەن دەكەین بە ناوی (ستراتیژیەتی چاكسازیی) بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی گۆڕانكاریی ریشەیی لە گشت بوارەكاندا، ئێمە ئەم پلانە لە ماوەیەكدا بۆ رای گشتی رادەگەیەنین كە لە سێ مانگی داهاتوو تێپەڕ نەكات.

بێگومان بۆ دەستپێكردن و سەرخستنی ئەو پلانە ستراتیژییەش، پێویستمان بە هاوكاری و هیممەتی هەموو لایەكە، پێویستمان بە هاوكاری پارتە سیاسییەكانی حوكمڕان و ئۆپۆزسیۆنە، بۆ ئەوەی هەموو لایەك بەشدار بن لە تاوتوێكردن و دەوڵەمەندكردنی پرۆژەكە، هاوڵاتیان، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، شارەزایان وپسپۆران، مامۆستایانی زانكۆ، سەنتەرەكانی توێژینەوە و میدیا و كەناڵەكانی راگەیاندن، هەر هەموویان لە ئێستاوە بانگهێشتكراون بۆ بەشداریكردن لەو پلانە ستراتیژیەدا.

پەنا بەخوای گەورە و هەوڵ وهیممەتی پەرلەمان و حكوومەت و هاوكاریی سەرجەم هێز ولایەنە سیاسییەكان و تێكڕای پێكهاتە نەتەوەیی وئایینیەكانی گەلی كوردستان، هەموومان شان بەشان لەگەڵ یەكتری ئەوەی لە تواناماندا دەیكەین لە پێناو زیاتر بەرەوپێشبردنی هەرێمەكەمان و هێنانەدی ئایندەیەكی رۆشن بۆ نەوەكانمان و چەسپاندنی سیستەمێكی پێشكەوتووی ئەوتۆ كە رێگریی لە سەرهەڵدانی گەندەڵی بكات، ئەوەش ئاوات و ئامانجی هەموو لایەكمانە كە بۆی تێدەكۆشین.
ئیتر خوا پشتیوانمان بێ
بۆ سەركەوتن لەم ئەركەماندا لە پێناو خزمەتكردنی گەل و نشتیمان

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
سێشەممە 14/6/2011

No comments:

Post a Comment