Sunday, December 11, 2011

وتەبێژێک بە ناوی ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە: لە رووداوەکانی بادیناندا ئاژانسی پاراستن رۆلی هێورکردنەوەی بینیوە


ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەرامبەر تۆمەتەكانی هەفتەنامەی هاوڵاتی روونكردنەوەیەكی راگەیاند، ئەمەش دەقی روونكردنەوەكەیە:





لە رۆژنامەی هاوڵاتی ژمارە ٧٩٠ ی رێکەوتی ١١/١٢/٢٠١١ دا، هەواڵێک بڵاو کراوەتەوە کە، بەشێوەیەک دارێژراوە ئاژانسی پاراستن بە خەتاباری روداوەکانی بادینان پێشان بدات. لەم هەوالەدا وا باس کراوە کە گوایە یەگگرتووی ئیسلامی ئاژانسی پاراستن بە سووتاندنی بارەگاکانیان تۆمەتبار دەکات. ئێمە نازانین کە ئەمەیان هەڵوێستی یەکگرتووە یان لە دروستکراوی سەرچاوەکانی رۆژنامەی ئاماژەپێکراوە. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە مەبەست لەم هەواڵە لێدانی پێگەی ئاژانسی پاراستن بووە بە شیوەیەکی ناڕەروایە.
ئاژانسی پاراستن هەموو روووداوە نەخوازراوەکانی شاری زاخۆ، بە تێکدانی مال ومولکی خەلک و پەلاماردانی ئازادیەکانیان و تا دەگاتە سووتاندنی بارەگای پارتە سیاسیەکان، مەحکوم و ریسوا دەکات و دژی هەرجۆرە نائارامی و ئاژاوەیەکە کە لە هەر شوێنێکی هەرێمی کوردستاندا سەرهەڵبدات. ئاژانسی پاراستن هەمیشە هەولی سەقامگیریی باری ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستانی داوە و لەم ئەرکە پیرۆزەشی بەردەوام دەبێت و بە هێچ شێوەیەک ناکەوێتە ناو گێژاوی یارییە سیاسیەکان و بەرژەوەندیی باڵای گەل و وڵات ناکاتە قوربانیی بەرژەوەندیە تەسکەکان.
کەسانی پشت ئەم هەواڵانە، بە ناوهێنانی ناوی بەرپرسانی پارتی و لە ناویانیشدا ناوی سەرۆکی ئاژانس و بە جیاواز پێشاندانی هەڵوێستیان، نیازێکی ڕوون و لە مێژینەیان هەیە. باوی ئەم پرۆپاگەندانە نەماوە کە گوایە کاسانێک هێمن و ئاشتیخوازن و کەسانێک توندرۆ. چۆن بەرێز کاک نێچیرڤان ئاگاداری ڕوووداوەکان نەبووە ئاوهاش کاک مەسرور بارزانی ئاگاداریان نەبووە و بگرە هەر زوو هەموو هەوڵەکانی خۆی بەگەڕ خستووە بۆ ئەوەی کێشەکە تەشەنە نەکات و کۆنترۆل بکرێت.
ئێستاش ئێمە لە ئاژانسی پاراستن بە تەواوەتی پشتگیریی رەوتی لێکۆلینەوەکان دەکەین و دەخوازین هەرچی زووتر ئاشکرا بکرێت کێ ئەم ئاژاوەیەی ناوەتەوە و کێ بەرپرسیار بووە لە تەشەنە کردنی و کێ بەرژەوەندیی لەوەدایە هەر زوو کەس ولایەنەکان بەم ڕووداوە تۆمەتبار بکرێن.
ئەو ئاژاوەیەی لە بادینان ڕوویدا زیاتر لە هەر کەس و لایەنێک زیانیان بە دەستگا ئەمنیەکان و بە تایبەت ئاژانسی پاراستن گەیاندووە، چونکە پشێوی و تێکچوونی باری ناوخۆ ئەرکی پاراستن قورستر دەکات.
لێرەدا ئێمە داوا لە گشت لایەک و بە تایبەت لە رۆژنامەکە و سەرچاوەکانی دەکەین کە با بەڵگەکانیان بۆ لایەنە پەیوەندارەکان بخەنە ڕوو و ئێمەش بە سینگێکی فراوانەوە ئامادەین بۆ لێکۆلینەوە و هاوکار دەبین بۆ بەرەوپێشچوونی رەوتی لێکۆلینەوە، بۆ ئەوەی هەرچی زووتر ئەنجامەکان بۆ خەلکی کۆردستان ئاشکرا بکرێن و تاوانباران ڕووبەڕووی سزا ببنەوە.
وتەبێژێک بە ناوی
ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
١١/١٢/٢٠١١

No comments:

Post a Comment