Monday, June 11, 2012

لایه‌نه‌كانى دیدارى ڕاوێژكاریى هه‌ولێر ـ نه‌جه‌ف كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان سازدا و ڕاگه‌یاندراوێكیان ده‌ركرد

لایه‌نه‌كانى دیدارى ڕاوێژكاریى هه‌ولێر ـ نه‌جه‌ف كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان سازدا و ڕاگه‌یاندراوێكیان ده‌ركرد كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی :

لایه‌نه‌كانى دیدارى راوێژكاریى هه‌ولێر ـ نه‌جه‌ف رۆژى 10ى حوزه‌یرانی 2012 كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان سازدا و بۆ دوایه‌مین پێشهاته‌ سیاسییه‌كان و ئه‌وه‌ى پێوه‌ندى به‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ى متمانه‌ له‌ سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ هه‌یه‌ ته‌رخان كرا.

به‌شداربووانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ جه‌ختیان له‌سه‌ر درێژه‌دان به‌ كۆشش و هه‌نگاوى پێویست بۆ به‌دیهێنانى ئامانجه‌كه‌یان به‌ پشت به‌ستن به‌ هه‌موو میكانیزمه‌ ده‌ستوورییه‌كان و ڕێ خۆش كردن تا بخرێته‌ وارى جێبه‌جێ كردن كرده‌وه‌ .

له‌م رووه‌شه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ داخ و ئه‌سه‌فه‌وه‌ تێبینی ئه‌و هه‌نگاو و ته‌گبیره‌ نادروستانه‌ى كرد كه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و تیمه‌كه‌ى بۆ شكست پێهێنانی هه‌وڵه‌ ده‌ستوورییه‌كان گرتیانه‌ به‌ر كه‌ بۆ چاككردنى ره‌وشى سیاسی و سنووردانان بۆ تاكڕه‌وى و خۆسه‌پاندن و گۆڕینی ڕێڕه‌وى پرۆسه‌ى سیاسی دیموكراسى ده‌درێن ، له‌وانه‌یش هه‌وڵى گواستنه‌وه‌ى ئه‌و جموجۆڵه‌ بۆ ناو شه‌قام له‌ رێگه‌ى جووڵاندن و هاندانه‌وه‌ ، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و هه‌وڵانه‌یش كۆبوونه‌وه‌كه‌ جه‌ختى له‌سه‌ر درێژه‌پێدانی پرۆسه‌ى كۆكردنه‌وه‌ى هێزه‌ په‌رله‌مانیه‌كان له‌ چوارچێوه‌ یاساییه‌كانه‌وه‌ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى دیارده‌ى خۆسه‌پاندن و تاكڕه‌وى له‌ به‌ڕێوه‌بردنی حكوومه‌ت كرده‌وه‌ و هاوكات لێپرسینه‌وه‌ له‌و پێشێلكارییانه‌ى كه‌ له‌ هه‌ڵسوكه‌وت كردن له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران و مافى كاركردنیان به‌پێى بۆچوون و بیروڕاكانیاندا كراوه‌ و سه‌ركۆنه‌كردنى ئه‌و فشارانه‌ى كه‌ چه‌ندین شێواز به‌رامبه‌ریان به‌ كارهێنراون .

كۆبوونه‌وه‌كه‌ بڕیارى دا په‌یامێكى روونكردنه‌وه‌دار ئاراسته‌ى سه‌رۆك كۆمار بكرێت و تێیدا جه‌خت له‌ دروستی ئیمزاى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران و هاوكات ژماره‌ى پێویستى ده‌ستووریی بۆ متمانه‌ لێ سه‌ندنه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ ، كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رله‌نوێ جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ ده‌بێت هه‌ر جێگره‌وه‌یه‌ك كه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران كاندید ده‌كرێت له‌ هاوپه‌یمانی نیشتمانی بێت .     

No comments:

Post a Comment