Friday, May 18, 2012

سوپاسنامه‌ى سه‌رۆك بارزانى بۆ به‌شداربووانى رێوره‌سمى پرسه‌ى ره‌حمه‌تى شێخ عه‌بدوڵلا بارزانى _ یه‌وه‌

به‌ بۆنه‌ى كۆتایى هاتنى رێوره‌سمى پرسه‌ى ره‌حمه‌تى شێخ عه‌بدوڵلا بارزانى، به‌رێز مسعود بارزانى سوپاسنامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی گشت لایه‌ك كرد ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی: 

به‌ ناوى خواى مه‌زن و دلۆڤان

به‌ بۆنه‌ى كۆتایى هاتنى رێوره‌سمى پرسه‌ى ره‌حمه‌تى شێخ عه‌بدوڵلا بارزانى ئامۆزام كه‌ كه‌سایه‌تیه‌كى مرۆڤدۆست و پاكژ و كۆمه‌ڵایه‌تى و له‌ ئه‌هلى ته‌سه‌وف بووه‌ و یه‌كێك بووه‌ له‌ موریده‌ هه‌ره‌ نزیكه‌كانى شێخ ئه‌حمه‌د و زۆریش خۆشه‌ویست بوه‌ لاى بارزانى و له‌ بزوتنه‌وه‌ى رزگاریخوازى گه‌له‌كه‌ماندا پێشمه‌رگه‌ى هه‌ردوو شۆڕشى ئه‌یلوول و گوڵان بووه‌ و به‌ هۆى كوردپه‌روه‌رى و هه‌ڵوێستى شۆڕشگێرییه‌وه‌ ده‌ربه‌دره‌ى زۆرى دیوه‌ و نه‌فى كراوه‌ و له‌و كاته‌وه‌ى ته‌رمى نه‌مران گه‌ڕێنرانه‌وه‌ خاكى كوردستان و له‌ بارزان به‌خاك سپێردرانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتیارى مه‌زارى نه‌مران بووه‌ و نوێنه‌رم بووه‌ له‌ پێشوازییكردنى مێواناندا كه‌ هه‌رگیز شوێنه‌كه‌ى به‌ ئاسانى پڕناكرێته‌وه‌ ، به‌ ئه‌ركى سه‌رشانى خۆمى ده‌زانم سوپاسى گه‌رم و پێزانین و رێز و ستایشى بێ پایان پێشكه‌ش به‌ هه‌موو ئه‌و به‌رێزانه‌ بكه‌م كه‌ به‌ ئاماده‌بوون یان به‌ ناردنى په‌یامى هاوخه‌مى به‌شدارى پرسه‌كه‌یان كرد و به‌مه‌ش له‌ خه‌م و په‌ژاره‌یان كه‌م كردینه‌وه‌ ، خواى گه‌وره‌ پاداشتى خێر و چاكه‌یان بداته‌وه‌.

سوپاسى تایبه‌تى ئاراسته‌ى جه‌نابى مام جه‌لال سه‌رۆك كۆمارى عیراقى فیدراڵ ده‌كه‌م كه‌ به‌ پرسه‌نامه‌یه‌كى به‌سۆز هاوخه‌مى خۆى وه‌ك برایه‌ك ده‌ربڕى.
له‌ هه‌مان كاتدا سوپاسى به‌رێزان سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عیراق و سكرتێر و سه‌رۆكى گشت پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى عیراقى و كوردستانى ده‌كه‌م كه‌ به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك به‌شداربوون له‌ پرسه‌كه‌دا .

سوپاسى وه‌زیرانى حكومه‌تى فیدراڵ و سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و وه‌زیرانى حكومه‌تى هه‌رێم بۆ ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى و به‌رپرسانى سه‌ربازى و یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان له‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م بۆ به‌شداریكردنیان له‌ پرسه‌كه‌دا .

سوپاسى سه‌رۆك هۆزه‌كانى عه‌ره‌بى له‌ عیراق و سه‌رۆك هۆزه‌كانى كوردستان و كه‌سایه‌تى و سه‌رجه‌م مامۆستایانى ئایینى پیرۆزى ئیسلام و پیاوانى به‌رێزى ئایینى ئێزدى و مه‌سیحى ده‌كه‌م كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ به‌شدارى پرسه‌كه‌یان كرد و هاوخه‌مى خۆیانیان راگه‌یاند و هه‌ر هه‌موویان به‌ هه‌ستێكى به‌رز و سۆزێكى گه‌رمى برایانه‌ و دۆستانه‌وه‌ زه‌حمه‌تى رێگه‌یان كێشا.

سوپاسى خوشك و برا كورده‌كانمان له‌ به‌شه‌كانى ترى كوردستان و ره‌وه‌ندى كوردستانى له‌ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌م بۆ ده‌ربڕینى هاوخه‌میان و سوپاسى بێ پایانیشم ئاراسته‌ى خانه‌واده‌ى به‌رێزى شه‌هیدان ده‌كه‌م .

سوپاسى تێكراى جه‌ماوه‌رى خۆشه‌ویستى كوردستان ده‌كه‌م له‌ شاره‌كانى كه‌ركووك و هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانى و گشت شوێن و ناوچه‌كانى ترى كوردستان و ئه‌و په‌ڕى رێزیشم هه‌یه‌ بۆ هاوڵاتیانى هێژاى توركمان و كلدان _ ئاشورى _ سریان .

سوپاسى تایبه‌ت بۆ گشت هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و هێزه‌كانى زێره‌ڤانى و پۆلیس و ئاسایش و ده‌زگاكانى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و ئه‌وانیتر كه‌ له‌ چه‌ند رۆژى به‌رێوه‌چوونى پرسه‌كه‌دا هاوسۆز و هاوخه‌م بوون . سوپاس بۆ ده‌زگاكانى راگه‌یاندن بۆ گرنگیدانیان به‌م بۆنه‌یه‌ .
خواى گه‌وره‌ پشتو په‌ناى هه‌موو لایه‌ك بێت و له‌ هه‌موو ده‌رد و به‌ڵاو ناخۆشییه‌ك بیانپارێزێ .

مسعود بارزانى
له‌ جیاتى خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى خوالێخۆشبوو
17/5/2012

No comments:

Post a Comment