![]() |
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی كوردی كه له‌ناو سوریا كار ده‌كه‌ن، ئه‌نجامی كۆنگره‌ی ئه‌مدواییه‌ی قامیشلۆیان خسته‌ڕوو كه ئه‌م سه‌ركردایه‌تیه‌ی لێكه‌وته‌وه و دیدوبۆچوونی خۆیان سه‌باره‌ت به‌دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ره‌وشی سوریا و رۆڵی كوردی سوریا سه‌باره‌ت به‌م دوا په‌ره‌سه‌ندنانه و ئه‌نجامی دانوستانه‌كانیان له‌گه‌ڵ هێزو لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی سوریا‌و هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵات له‌م وڵاته‌دا و ئه‌گه‌ره‌كانی ئاینده و مافی كوردی سوریا و چۆنیه‌تی چه‌سپاندنی له ده‌ستووری ئه‌و وڵاته‌دا پێشكه‌ش به سه‌رۆك بارزانی _یان كرد‌و سه‌رۆك بارزانی_ش له ئاخاوتنێكدا ئه‌م رۆژه به رۆژێكی مێژووی وه‌سفكردوو ئاماژه‌ی به‌گرنگی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه كرد و رایگه‌یاند كه ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه بۆ ئێوه و ئێمه و ته‌واوی گه‌لی كوردستان گرنگ و چاره‌نووسسازه، مه‌به‌ستیش له‌و كۆبوونه‌وه‌یه ئاگاداربوونه له ره‌وشی كوردی سوریا بۆ ئه‌وه‌ی له چوارچیوه‌ی ئه‌و ره‌وشه‌دا هه‌رێمی كوردستان رۆڵی مێژوویی خۆی بگێرێ.
سه‌رۆك بارزانی ئه‌وه‌شی به ئاماده‌بووان راگه‌یاند كه هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ویستی گه‌لی سوریایه و لایه‌نه كوردییه‌كانی سوریاش پێویسته زۆر به دیقه‌ته‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و وه‌زعه‌ی ئێستای سوریا بكه‌ن.
گرنگ لای ئێمه دیموكراسیه‌ت و دانپیانانه‌به مافی كورد له سوریا و ئه‌و دانپیانانه‌ش ده‌بێ له ده‌ستووری ئاینده‌ی ئه‌و وڵاته بچه‌سپێنرێ و كوردی سوریاش له‌و لایه‌نه نزیكتر بێ كه زیاتر په‌رۆشی مافدانه به كورد.
هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی له هه‌وڵه‌كانی پارته سیاسییه‌كانی كورد له سوریا ده‌كات بۆ چه‌سپاندنی ئه‌و مافه‌و خۆشحاڵی خۆیشی ده‌ربڕی بۆ ئه‌و یه‌كریزی و یه‌كهه‌ڵوێستیه‌ی ئه‌وان كه تا ئێستا به‌رامبه‌ر ئه‌و ره‌وشه نواندویانه و روونیشیكرده‌وه كه پێویسته په‌یامی كورد په‌یامی ئاشتی بێت و سیاسه‌تی له خۆبورده‌یی و پێكه‌وه ژیان و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هیزه دیموكراتیه‌كان بكاته ئامانج و ناشبێ هێزو لایه‌نه كوردییه‌كانی سوریا ببنه به‌شێك له ململانێی تایفه‌گه‌ری ئه‌گه‌ر روویدا، چونكه ئێمه خاوه‌ن دۆزێكی نه‌ته‌وه‌یین و هه‌میشه ده‌بێ سیاسه‌تی پێكه‌وه ژیان له‌گه‌ڵ هه‌موو پێكهاته‌كانی سوریا پیاده بكه‌ین و داكۆكی له مافه‌كانیان بكه‌ین به برا مه‌سیحییه‌كانه‌وه داواشیكرد سه‌ركردایه‌تی ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه بایه‌خێكی ته‌واو به توێژی گه‌نجان و ئافره‌تان بدات.
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆك بارزانی داوایكرد له‌ناو سه‌ركردایه‌تی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت پێكبهێنرێت بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌كی په‌یوه‌ندار به كێشه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ی سوریا چ له ناو وڵات‌دا بێت یان له ده‌ره‌وه‌یدا
No comments:
Post a Comment