بینیمان کە، بەبێ ئەوەی چاوەروانی ئەنجامی لێکۆلینەوە بکرێت، شالاوی تۆمەتهەڵبەستن دەستی پێکرد. نەدەبوایە بۆ رەخنە گرتن لە رکابەر و لە پێناو بەهێزکردنی پێگەی سیاسی، هەوڵی پەلاماردانی بەرژەوەندییەکانی نەتەوە و ئایین و لایەنەکانی تر بدرێت. نەدەبوایە بۆ دەربڕینی هەستێکی هەڵچوو و بیروباوەری جیاواز، مێژوویەکی پڕ سەروەریی پێکەوە ژیان ببردرێتە ژێر پرسیارەوە. نەدەبوایە هەوڵی تێکدانی موزائیکی جوانی پێکهاتەکانی کوردستان بدرێت. نەدبوایە هەر کارێکی تێکدەرانە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانێکی سیاسی ودواتر ئەم قەیرانە بەکاربخرێت بۆ تاودانی ململانێیەکی تەسکبینانەی حیزبایەتی.
دەبوایە کێشەکە لە ئاست قەوارەی خۆیەوە سەیربکرێت و هەڵە و رەفتاری نەخوازراوی تاکەکەسی لە سنوورێکی دیاریکراودا نەکرێتە گشتاندنێک بۆ تاوانبارکردنی سەرجەم پێکهاتەی لایەنێکی سیاسی و فراوانکردنی کێشەکە. درێژ کردنی پەنجەی تۆمەتی بێ بنەما، بەقەد کرداری ئاژاوەکە ناشرینەو لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکشدا نیە کە پشێوی لە ناو مالەکەی خۆیدا دروست ببێت.
لەم کەشەدا ئەم پرسیارە سەرهەڵدەدات کە بۆچی وازوو دوای هەر ڕووداوێک هەڵمەتێک بۆ ناشرینکردنی ئەزموونی کورردستان دەست پێدەکات ؟ بۆچی بانگەواز بۆ بەهاری عەرەبی دەکرێت؟ ئەشێ ئەم پرسیارە زۆر وەڵامی هەبێت، بەڵام دەبێ لامان سەیر نەبێت کە، هەولی تێکدانی رەوشی کوردستان و نانەوەی فیتنە ودووبەرەکی لە لایەکو هەولدان بۆ کۆپی کردنی دەقاودەقی بەهاری عەرەبی لە لایەکی ترەوە،بە واتای وشککردنی بەهارێکی کوردستانییە هەر لە سەرەتای چەکەرە کردنیدا.
ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەر ناوچەکەدا هاتوون جۆرەها دەرهاوێشتەی هەیە و هەم دەرفەت و هەم پشێویشی لەگەڵدایە. بەڵام مسۆگەر یەکێتیی ریزەکانی کوردستان، بە هەموو لایەنە سیاسی و ئیتنی و ئایین و ئایینزا و چین و توێژەکانەوە، دەتوانێت کەشێک دەستەبەر بکات کە، سوود لەو گۆڕانکاریانەی باڵیان بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە وەربگیرێت و بەهارێکی کوردستانی بۆ چەسپانی زیاتری ماف وبەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان لە دەڤەرەکەدا بێنێتە کایەوە. بەڵام بەداخەوە ئەم ڕووداوانەی ئێستا لە واقعی شەقامی هەرێمدا دەبینرێن، لە ئاست ئامادەکاری بۆ ئەو بەهارە و ڕووبەڕوو بوونەوەی پێشهاتەکانی دەڤەرەکە نین.
ئەم رەوشە ئالۆزەی دروست کراوە گەر بەر لە تەشەنەکردنینەگیرێت، درز دەخاتە نێوان ریزەکانمان وتواناکانمان پەرتەوازە دەکات و بارودۆخێک دروست دەبێت کە،ئایندەی پرۆسەی سیاسیی هەرێم و بەرژەوەندییە باڵاکانی تێکرای پێکهاتەکانی کوردستان دەخاتە مەترسیەوە.
کەسانێک لە وەها گێژاوێکدا دەخوازن بەهاری ئاواتەکانی خەلکی کوردستان بکەنە قوربانیی دیدگایەکینامۆ بە سروشتی سیاسی و کەلتوریی کوردستان. بانگەشە بۆ راکێشانی بەهاری عەرەبی بۆ ناو کوردستان دیدێکی ناواقعیانە و نەگونجاوە لە گەل رابردوو و ئێستای مەیدانی سیاسی وئایینی و دیموگرافیا و تەنانەت پێگەی جیۆپۆلیتیکیی هەرێم.
بەهاری عەرەبیکە ژمارەیەک وڵاتی گرتەوە، وەرزی گونجاوی کۆمەلگاکانیان بووە و ئەنجامەکانیشی چی دەبن قسە زۆر هەڵدەگرێت. بەڵام دەبیت ئەو راستیە لە بەرچاو بگیرێت کە،هەر کۆمەلگەیەک تایبەتمەندیی خۆی هەیە و ناکرێت ئەزموونەکان لە زەمینە و ژینگە کۆمەلایەتیە جیاجیاکاندا وەک یەک دووبارە بکرێنەوە، بۆیە جەخت لە راکێشانی ئەزموونی بەهاری عەرەبی نیشانەی ئەوەیە کە بانگەشەکەرانی لە ئاست راستیی سروشتی کێشەکانی کوردستان و خواستە مێژوویەکانی پێکهاتەکانی وڵاتمان نین.
کێشەی ئێمە کێشەی زەوتکرانی مافە نەتەوەییەکان و داگیرکران و دابڕاندنی خاک و جینۆساید و سڕینەوەی سیما نەتەوەییەکانمان بووە، بۆیە بەهارێکی کوردستانی بۆ گەلەکەمان وەرزی گەیشتن بە ئاواتە زەوتکراوەکانە، وەرزی لادانی پێناسەی خەونە لە سەر ویستی راستەقینەی گەلێکی بێبەشکراو و دابەشکراو.
دەڤەرەکە هەڵاوساوی ڕووداو و پێشهاتی جۆراوجۆرە و پێویستە تەیار وئامادە بەرە ڕووبەڕووی ئەو پێشهاتانە ببینەوە، تاکو گەلەکەمان بە زیادترین دەسکەوت وکەمترین زیان بە کەناری ئارام بگات، بۆیە خوازیارم هەموو لایەک بە هەستکردن بە بەرپرسیاری مێژووییەوە گرژییەکان بەلاوە بنێین و بە گیانی دانبەخۆداگرتن و یەکتر قبولکردن و تەبایی و برایەتی، هێزی گەل و وڵاتمان بخەینە یەک ئاراستە بەرەو ئاسۆیەکی پرشنگدار. با هەموومان بانگەشە بۆ بەدیهێنانی ئاوات و مافەرەواکانی گەلەکەمان و هاتنە کایەوەی بەهارێکی کوردستانی بکەین. بەهارێک کە تیایداسەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان ئومێد و ئاواتەکانیان تێیدا بەدی بهێت و سەربەرزانە لەو تاقیکردنەوە مێژووییە دەربچین و ئەرکمان بەرامبەر بە نەوەکانی داهاتووی وڵاتمان بەجێبگەیەنین.
No comments:
Post a Comment