Thursday, December 29, 2011

سه‌رۆكی كوردستان پێشوازی له‌ باڵیۆزی هیندستان له‌ عێراق ده‌كات

ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ 28/12/2011 به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ به‌رێز سۆریش كه‌ی ریدی باڵیۆزی هیندستان له‌ عێراق
له دیدارێكدا، باڵیۆزی هیندستان وێرای خۆشحاڵی ده‌ربڕین به‌و سه‌ردانه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستخۆشی له‌ سه‌رۆك بارزانی كرد بۆ ئه‌و هه‌موو گه‌شه‌سه‌ندنه‌ی هه‌رێم له‌ گشت بواره‌كاندا و ئه‌م گه‌شه‌سه‌ندنه‌شی بۆ سیاسه‌تی حه‌كیمانه‌ی به‌رێزیان گه‌ڕانده‌وه‌ و ئاره‌زووی وڵاته‌كه‌ی به‌ سه‌رۆك بارزانی راگه‌یاند و روونیكرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی ئاره‌زوومه‌نده‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی فراوان و قوڵ بكاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا و بایه‌خیش ده‌دات به‌ فراوانكردنی بازنه‌ و پانتایی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ و به‌ره‌و باشتریان ببات و ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد كه‌ وڵاته‌كه‌ی له‌ رێی وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانییه‌وه‌ ده‌توانێ‌ رۆڵێكی دیار ببینێت له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زیاتری هه‌رێمی كوردستان .
له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌رۆك بارزانی _ش روناكیی خسته‌ سه‌ر بایه‌خی فراوانكردن و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانی هه‌رێم و هیندستان و دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ ژینگه‌یه‌كی باشیی وه‌به‌رهێنان هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا و له‌و میانه‌شدا باڵیۆزی هیندستان هه‌رێمی كوردستانی به‌نموونه‌ باسكرد كه زه‌مینه‌یه‌كی باشه‌ بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی هیند.
سه‌رۆك بارزانی ستایشی رۆڵی نه‌هرۆی سه‌ركرده‌ی مێژوویی هیندستانی كرد كه‌ چۆن له‌ نامه‌یه‌كیدا بۆ كچه‌كه‌ی باسی مه‌زلومیه‌ت و خه‌باتی كورد ده‌كات بۆ هێنانه‌دی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كه‌ ئه‌مه‌یش وایكردووه‌ هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ هاوسۆزییه‌ك له‌نێوان هه‌ر دوو گه‌لی كوردستان و هیندستان په‌یداببێ كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌كرێ‌ ئه‌و هاوسۆزییه‌ بكرێته‌ به‌ردی بناغه‌ی دۆستایه‌تیه‌كی پته‌و له‌ نێوان هه‌ر دوو گه‌لدا .









No comments:

Post a Comment