![]() |
ئەمڕۆ لە پرێس كۆنفرانسێكدا بە ئامادەبوونی سەمیر عەبدوڵڵا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی كوردستان و موسا ئەحمەد جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازی بارزانی و ژمارەیەك لە كەسایەتی و خێرمەندان و سەرمایەدارو وەبەرهێنەرانی كوردستان، وەزیری شارەوانی تیشكی خستەر سەر ئەو هاوكاری و یارمەتیانەی كە لەلایەن خێرخوازانی كوردستانەوە كۆكراونەتەوەو لەرێگای دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە رەوانەی لێقەوماوانی شاری وان دەكرێن، وەزیری شارەوانی ئاماژەی بەوەكرد: ئەمڕۆ رێوڕەسمی ناردنی قۆناغی دووەمی كۆمەك بۆ هاووڵاتیانی شاری وان لەچوارچێوەی هەڵمەتی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەست پێدەكات، هەروەها هەڵمەتی یەكەمی ئەم دەزگایە لەلایەن میدیاكانی توركیاوە رەنگدانەوەیەكی گەورەی بەخۆوە بینیوەو وایكردووە كۆمەڵگایەك بەناوی (بارزانی) لەو شارەدا بنیات بنرێت. سەبارەت بەو بڕە پارەو یارمەتیانەی لەم ماوەیەدا بۆ هاوكاریكردنی لێقەوماوانی شاری وان كۆكراونەتەوە، وەزیری شارەوانی رایگەیاند: نزیكەی ملیۆنێك و حەفتا هەزار دۆلار لەلایەن خێرمەندانی و دەوڵەمەندان و سەرمایەدارانی كوردستانەوە كۆكراونەتەوەو سەرجەم ئەو پارانە لەپرۆژەی دروستكردنی خانووی پلاستیكی و چەندین پێداویستی دیكەدا بەكاردەهێنرێنن. بۆ ئەمەش سوپاسی ئەو سەرمایەدارو وەبەرهێنەرانەشی كرد كە لەم هەڵمەتەدا بەشدارییان كردووە.
لە بەشێكی دیكەی پرێس كۆنفرانسەكەدا، موسا ئەحمەد جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازی بارزانی تیشكی خستەسەر كارو ئەركەكانیان لە بەجێگەیاندنی یارمەتی و هاوكارییەكان بۆ لێقەوماوانی شاری وان و هەروەها لێقەوماو و هەژاران و بێباوكان لە كوردستان. رایگەیاند: دەزگاكەیان بەپێی پرۆتۆكۆلێك لەگەڵ رێكخراوی مانگی سووری ئیماراتی رێككەوتوون بەپشت بەستن بە سیستمێكی پێشكەوتوو بۆ ئەوەی هەژارو بێباوكانی كوردستان لەرێگای سیستمی بانكەوە یارمەتییەكانیان وەربگرن. سەبارەت بە یارمەتیەكانیان بۆ لێقەوماوانی شاری وان، كە دەنگدانەوەیەكی گەورەی لێكەوتەوەو بووە جێگەی خۆشحاڵی دانیشتوانی ئەو شارە، موسا ئەحمەد لەدرێژەی لێدوانەكەیدا رایگەیاند: هەروەك والی وان و دەسەڵاتدارانی ئەو شارە پێیان راگەیاندوون، رەوانەكردنی قۆناغی یەكەمی خانووی پلاستیكی لەكوردستانەوە بۆ ئەو دەڤەرە، یەكەمین یارمەتی بووە پێیانگەیشتبێت و سوودیان لێوەرگرتبێت و لە سەرماو سۆڵەی زستان پارێزراوبن. لەلایەكی دیكە سەبارەت بە پرۆژەی ئایندەیان بۆ فراوانكردنی تۆڕی یارمەتییەكانیان لەناوخۆی كوردستان بۆ لێقەوماو و هەژارو كەمدەرامەتان، جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازی بارزانی باسی لەوەشكردووە: بەهاوكاری چەند لایەنێك هەوڵدەدەن ئەركی چاودێریكردنی بێباوكان بگرنە ئەستۆ، كە ئەمەش لەرێگای دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە كارەكان بەڕێوە دەبرێن و بەشێوەیەكی تۆكمەو بێ گیرو گرفت یارمەتیەكان بە ئەمانەتەوە دەگاتە دەستیان. لەكۆتایی كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەدا، دەزگای خێرخوازی بارزانی وەك ستایشێك بۆ ئەو كەسایەتی و سەرمایەدارو وەبەرهێنانەی یارمەتی دەزگاكەیان داوە بۆ رەوانەكردنی قۆناغی یەكەم و دووەمی خانووی پلاستیكی بۆ لێقەوماوانی شاری وان، وەك رێزلێنانێك دیاری دەزگای خێرخوازی بارزانییان پێبەخشرا.
No comments:
Post a Comment