لەبەردەوامیی دیدار و سەردانەكانی بۆ حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، دوێنێ ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و كاندیدی پارتی بۆ سەرۆكایەتیی كابینەی حەوتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەیاوەریی بەڕێزان جەعفەر ئیبراهیم ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ئەحمەد كانی بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندیی كوردستانی و عێراقی و دڵشاد شەهاب ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی سەردانی بارەگای حزبی سۆسیالیستی كوردستانی كرد و لەلایەن محەمەدی حاجی مەحموود سكرتێری حزب و ئەندامانی مەكتەبی سیاسییەوە پێشوزاییان لێكرا. لەدیدارێكدا گرنگترین ئەو پرسانەی بە هەرێمی كوردستان و عێراقەوە پەیوەستن تاوتوكرا هەروەها تیشك خرایە سەر بارودۆخی هەنووكەیی عێراق و ڕۆڵی كورد لەپرۆسەی سیاسیی عێراقدا. | ![]() |
دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و محەمەدی حاجی مەحموود لەلێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن گرنگترین تەوەری كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو، لەبەراییدا محەمەدی حاجی مەحموود گوتی: ئێمە بەخێرهاتنی جەنابی كاك نێچیرڤان بارزانی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین كە ئەمڕۆ تەشریفیان هێناوەو سەردانییان كردین، ئێمە لەبارەی هەندێك پرسی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان وعێراق و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەدا گفتوگۆمان كرد و هەروەها تیشكمان خستەسەر ڕێكخستنی ماڵی كوردی و چاكسازی لە كوردستان و جێبەجێكردنی ئەو ئەركانەی لەڕێگادایە كە پێویستە بەبەشداریی هەموولایەكمان بیكەین.
دواتر ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی وێڕای سوپاسگوزاریی بۆ سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان دووپاتیكردەوە ئەم سەردانە لەكاتی ئێستادا زۆر گرنگە و تیایدا چەندین تەوەری گرنگ باسكرا و گوتی: ئێمەش سوپاسی جەنابی كاك حەمەی حاجی مەحموود دەكەین كە ئەمڕۆ خۆی و هەڤاڵانی دیكەی حزبی سۆسیالیست پێشوازییان لێكردین، ئامانجی ئێمە لەم سەردانە قسەكردن بوو لەبارەی بارودۆخی عێراق وهەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی و پرسی حكوومەتیش لەئایندەدا، بێگومان حزبی سۆسیالیست وەكو هاوپەیمان لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی كوردستان ڕۆڵی گەورەیان لە خەباتی گەلی كوردستاندا هەبووە بەتایبەتی شەخسی كاك حەمەی حاجی مەحموود، ئێمە ئەو ڕۆڵە زۆر بەرز دەنرخێنین، ئێمە لەو كۆبوونەوەیەدا كۆمەڵێك تەوەری گرنگمان باسكرد بەتایبەتی ئەو پێشهاتانەی ئەمڕۆی كوردستان وئالیەتی پێكهێنانی حكوومەت و چۆنییەتیی كاركردنی كورد هەم لەبەغدا وهەم لەهەرێمی كوردستان ووەكو جەنابیشیان فەرمووی چۆنییەتیی پتەوكردنی یەكڕیزیی ماڵی كورد تەوەری سەرەكیی قسەكانی ئێمە بووە لەگەڵ بەڕێزیان.
جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی نیشانیدا لەبارەی بەشداریكردنی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەكابینەی ئایندەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا سەردان ودیداری دیكەیان دەبێت وگوتی: ئێمە بۆ بەشداریكردنی لایەنەكان دیسانەوە سەردانیان دەكەین وهەر كاتێك بەفەرمی لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بۆ پێكهێنانی كابینە ڕاسپێردرام ئێمە دیسانەوە سەردانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
نێچیرڤان بارزانی دووپاتیكردەوە جارێ زووە باس لە پێكهاتە و چۆنێتیی شێوەی كابینەی نوێی حكوومەت بكرێت وگوتی: ئێمە خۆشحاڵدەبین بەوەی كابینەی ئایندەی حكوومەت كابینەیەكی بنكەفراوان بێت و ئێمە پێمانوایە ئەو پرسانەی ئەمڕۆ لەكوردستاندا هەیە بەرپرسیارێتیی هەموولایەنەكانی كوردستانە كە هەوڵبدەین و كاربكەین بۆ زیاتر خزمەتكردنی ئەم وڵات ومیللەتە وئێمە خۆشحاڵدەبین وپێشوازی لەم هەنگاوە دەكەین بەڵام تاوەكو ئێستاش ئێمە ئەو پرسەمان بەشێوەیەكی فەرمی لەگەڵ هیچ لایەنێكی سیاسیدا باس نەكردووە و دیسان دەڵێم دوای ڕاسپاردنی ئێمە بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە بەشێوەیەكی فەرمی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین و خۆشحاڵیش دەبین بەوەی لەم پرۆسەیەی لەبەردەستمانە بۆ چاكسازی لەم وڵاتە پێكەوە كاربكەین. وتائێستا ئێمە باسی مەسەلەی ژمارەی وەزارەت و پێكهاتەی حكوومەتمان نەكردووە و پەنا بەخوا لەكاتێكی دیكەدا ئەگەر بڕیارمان لەسەری دا ئێمە قسەتان بۆ دەكەین، وپێشموایە لەم چەند ڕۆژەدا یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان كاندیدی خۆیان دیاری بكەن.
بارزانی ئەو قسانەی ڕەتكردەوە گوایە گوتبووی دەبێ دەستوور بگەڕێتەوەو جەختی لەسەر گرنگیی دەستوور بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان كردەوەو گوتی: من نەمگوتووە دەستوور بگەڕێتەوە پەرلەمان، من یەك قسەم كردووە : دەستوور پەیوەندیی بەهەموو پێكهاتەكانی ئەم وڵاتەوە هەیە و ئێمە پێمانخۆشە دەستوورێكمان هەبێت كە جێی ڕەزامەندیی گەلی كوردستان بێت ولەهەمانكاتیشدا ئێمە گوتوومانە هیچ هێڵێكی سوورمان لەبارەی قسەكردن لەسەر هیچ پرۆژەیەك نییە، گەڕانەوە یان نەگەڕانەوەی دەستوور بۆ ناو پەرلەمان مەسەلەیەكی یاساییە بەڵام باسكردنی بەنیسبەت ئێمەوە زۆر ئاساییەو ئێمە ئامادەین وپێمانخۆشە وباسیشی دەكەین.
جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان جارێكی دیكە خۆشحاڵیی خۆی بە هەبوونی زەمینەیەكی گفتوگۆی لەنێوان پارتی ویەكگرتوو نیشاندا و دووپاتیكردەوە پارتی هیچ كاتێك دەرگای گفتوگۆی دانەخستووە و دایناخات و گوتی: من نازانم مەبەستی برایانی یەكگرتوو لەبارەی هەبوونی عەقڵێك بۆ تەفەهومی كێشەو داواكان چییە بێگومان دەبێ دابنیشین تا تێبگەین مەبەستیان چییە، بەڵام بێگومان ئێمە پێشوازی لەو قسانە دەكەین وپێشوازی لەهەر هەنگاوێك دەكەین بۆ خێری ئەو وڵاتە، ئێمە ئامادەین بۆ دانیشتن لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان وحەزدەكەین ئەو هەنگاوە بنێین بەتایبەتی كە ئێستا ئەوان تۆزێك دەرگایان كردۆتەوە كەجاران دایانخستبوو، ئێمە ئامادەین وپێمان خۆشە كێشەكانمان بەشێوەیەكی دۆستانە چارەسەر بكرێن ومن ئاماژەم پێی كردبوو لەم وڵاتەدا كێشەی گەورەتریش هەبوون بەڵام ئیرادەیەكی بەهێزمان بۆچارەسەركردنیان هەبوو بۆیە تەسەور ناكەم ئەوەی ئێستا هەیە لەگەڵ برایانی یەكگرتووی ئیسلامی لەو كێشانە گەورەتر بێت كە پێشتر لەم وڵاتەدا هەبوون وگرنگ ئەوەیە ئێمە ئیرادەی ئەوەمان هەبێت ئەو كێشانە چارەسەر بكەین وئەو ئیرادەیە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەیە.
سكرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان ئەوەی دووپاتكردەوە ڕێكخستنی ماڵی كورد یەكێكە لەئەولەوییاتی كابینەی ئایندەی حكوومەت وگوتی: پێویستیمان بە ئاوەدانی و چاكسازیی زیاتر هەیە بەشێوەیەك كە حكوومەت خۆی چاكسازی بكات وچاوەڕوانی كەس نەبێت وئێمە دووپاتیدەكەینەوە پاڵپشتیی كابینەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەكەین وەك چۆن پشتیوانیمان لەكابینەكانی دیكەی حكوومەت كردووە.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئێمە پێمانوایە ئێستا عێراق بەقۆناغێكی سەختی سیاسییەوە تێدەپەڕێت وئەمەش لەخۆیدا پێویستیی بەدیاڵۆگێكی سیاسی هەیە لەنێو هەموو پێكهاتەكانی عێراق، ئێمە وەكو لایەنێكی كوردی پێویستە ئێمە هەموومان لەسەر ئەو پرسە نەتەوەییەی كەهەمانە هەموومان بەیەكەوە هاودەنگ وهاوبیر بین وبەیەك زمان ویەك ئیڕادەوە قسە بكەین لەبەغدا وتائێستاش بەخۆشحاڵییەوە لەسەر ئەو پرسانە چ لایەنی ئۆپۆزیسیۆن یان لایەنی دیكە لەپەرلەمانی عێراقدا هەڵوێستیان لەسەر پرسە نەتەوەییەكان یەك بووە ئەمەش جێی ڕێزە بۆ برادەرانی ئۆپۆزیسیۆن لەهەرێمی كوردستان ولایەنەكانی دیكە وئەگەر ئێمە لەو پرسانەدا هەر بەو شێوەیە ڕەفتار بكەین ئێمە دەتوانین بەدڵنیاییەوە ئەو ئامانجانە بهێنینەدی كە تائێستا میللەتەكەمان خەباتی بۆ كردووەو هەوڵی بۆ داوەو شەهیدی بۆ بەخشیوە، هیوادارم ئەو یەكڕیزییە هەر بەوشێوەیە بەردەوام بێ
No comments:
Post a Comment