به بۆنه‌ی 59مین ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان و یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان بەرێز کاک مەسروور بارزانی په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی قوتابیانی و لاوانی دیموکراتی كوردستانی كرد ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تی: |  |
به‌ڕێزان لە سکرتاریه‌ت و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی هه‌ردوو رێکخراوی یه‌کێتی قوتابیانی کوردستان و یه‌کێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان دوای سڵاو رێز.. به گه‌رمی پیرۆزبایی یادی 59 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی رێکخراوه تێکۆشه‌ره‌کانتان له ئێوه‌ی بەرێز و سه‌رجه‌م قوتابیان و لاوانی کوردستان و میلله‌ته‌که‌مان ده‌که‌م. کۆڵنه‌دان و به‌رده‌وام بونتان له خه‌بات و به‌رخودان له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنتانه‌وه تا‌کو ئێستاکه نیشانه‌ی دڵسۆزی و ماندونه‌ناسیتانه. جێگای شانازییه که‌وا توانیووتانە به درێژایی مێژوو قوتابخانه‌ی پێگه‌یاندنی سه‌دان و بگره هه‌زاران کادری پێشکه‌وتوو و وڵاتپارێز و فیداکار بووه له پێناو سه‌ربه‌ستی و خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان. هه‌روه‌ک چۆن ئه‌زمون و ده‌ستکه‌وته‌کانی ئه‌مڕۆی گه‌له‌که‌مان به‌رهه‌می خوێن و هزر و خامه‌ی ئێوه و هاوخه‌باته‌کانتانه، به هه‌مان شێوه ئێستاکه‌ش له ئه‌رک و به‌رپرسیارێتی پاراستن و په‌ره‌پێدانیشیدا، به شێوازێکی مه‌ده‌نی و زانستی و سه‌رده‌میانه، پشکی شێر بۆ ئێوه‌ی قوتابی و لاوه. چونکه ئاشکرایه که‌وا له سه‌رده‌می نوێ و قۆناغی هه‌نوکه‌ی خه‌باتی پێشکه‌وتندا، میلله‌ته‌که‌مان له هه‌موو کاته‌کانی تر زیاتر پێویستی به وزه و توانا و لێهاتوویی و کارکردنی جدیانه‌ی هه‌ردوو توێژی قوتابیان و لاوان هه‌یه به پله‌ی یه‌که‌م، بۆ مسۆگه‌رکردنی ئاینده‌یه‌کی گه‌شتر بۆ میلله‌ته‌که‌مان به‌گشتی و توێژه‌کانی قوتابیان و لاوان به‌تایبه‌تی، ئه‌ویش به دابینکردنی دیموکراسییه‌تێکی پته‌وتر و خۆشگوزه‌رانی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری زیاتر. به‌و پێیه‌ی ئێوه هه‌م داینامۆی پێشکه‌وتن و هه‌میش خاوه‌نی ئاینده‌ی وڵاته‌که‌تانن. هیوادارم له‌م بۆنه مێژووییه پڕبه‌ها و پیرۆزه‌دا، شانبه‌شانی گشت رێکخراوه مه‌ده‌نی و لایه‌ن و توێژه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌مان ده‌ست له‌ناو ده‌ست و به‌شێوه‌یه‌کی برایانه کاربکه‌ن بۆ چه‌سپاندنی رۆحیه‌تی لێبورده‌یی و پێکه‌وه‌ژیان و دورکه‌وتنه‌وه له توندوتیژی به هه‌موو فۆرم و ماناکانییه‌وه. با هه‌موومان پێکه‌وه رێز له به‌ها باڵاکانی مرۆڤدۆستی و ئاشتی و پێشکه‌وتن بگرین و ئینتیمامان بۆ خاک و میلله‌ت و ئاینده‌مان بێت. دیسانه‌وه ئومێد ده‌که‌م که‌وا هه‌ردوو یه‌کێتییه خه‌باتگێڕه‌کانتان هه‌ڵگری دروشمی پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کان و چه‌سپاندنی یه‌کڕیزی و ته‌بایی بن و ئه‌دای کارکردنیشتان له ئاستی خه‌ون و ئاواته به‌رزه‌کانی قوتابیان و لاوانی وڵاته‌که‌تاندا بێت. دووباره سه‌رفرازتر و پێشکه‌وتووتر بن..
براتان مەسروور بارزانی
18/Feb/2012
No comments:
Post a Comment