Tuesday, October 18, 2011

راگه‌یه‌ندراوێك له‌ ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌ باره‌ی چاره‌نووسی ئه‌فسه‌ری پایه‌به‌ر‌ز (لیوا به‌ختیار حه‌سه‌ن حه‌مه‌ ره‌حیم)


هه‌روه‌كو هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و چاودێرانی ره‌وشی هه‌رێم له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ شایه‌دی بۆ ده‌ده‌ن، ئارامی و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان گرینگترین ده‌سكه‌وتی هه‌رێمه‌كه‌مانه‌ كه‌ بووه‌ته‌ بنه‌مای گشت پێشكه‌وتنه‌ ئابووری و سیاسیه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم.


بێگومان ئه‌م ده‌سكه‌وته‌ش به‌رهه‌می شه‌ونخوونی و چاوكراوه‌یی و گیانفیدایی، هێزه‌كانی پاراستنی ئاسایشی هه‌رێم و پێشمه‌رگه‌ ‌و پۆلیسی ئه‌م هه‌رێمه‌ن.
له‌م پرۆسه‌یه‌شدا ئاژانسه‌كه‌مان به‌ شانازیه‌وه‌ ئه‌ركێكی دیار و به‌رچاوی هه‌بووه‌ و له‌ پێناو سه‌قامگیری و ئارامیی هه‌رێمیش به‌ سه‌دان ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندی ئاژانسه‌كه‌مان گیانیان به‌خت كردووه‌.
له‌ جه‌نگی دژی تیرۆریستاندا زۆرێك له‌ ئه‌فسه‌ره‌ پایه‌به‌رزه‌كانی ئاژانسه‌كه‌مان له‌ به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ بوونه‌ و هه‌ولیان داوه‌ هه‌ره‌شه‌كان به‌ر له‌ گه‌یشتنی بۆ ناو هه‌رێم كپ بكه‌ن، له‌و پێناوه‌شدا ئه‌م رۆله‌ ئازایانه‌ی گه‌له‌كه‌مان خۆیان كردۆته‌ قه‌لغانی پاراستنی سه‌رومالی هاەوڵاتیانمان.
له‌ میانه‌ی ئه‌ركێكی ئاسایی له‌م چه‌شنه‌دا له‌ رێكه‌وتی 10/4/2011، ئه‌فسه‌رێكی پایه‌به‌رزی ئاژانسه‌كه‌مان به‌ ناوی ( لیوا به‌ختیارحه‌سه‌ن حه‌مه‌ ره‌حیم) ناسراو به‌ (به‌ختیار نه‌جه‌فی) به‌ هاورێیه‌تی دوو ‌له‌ دۆستانی به‌ ناوه‌كانی ( عه‌بدولقادر عه‌بدوللا خزر) و (نازم ره‌مه‌زان جمعه‌) سه‌ر‌دانی ناوچه‌یه‌كی باكوری موسڵ ده‌كات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ بۆسه‌یه‌كی تیرۆریستانی سه‌ر به‌ به‌ناو ده‌وله‌تی عێراقی ئیسلامی - ئه‌لقائیده‌ (دوله‌ العراق الاسلامیه ‌- القاعده‌)‌ و بۆ شوێنێكی نادیار ده‌رفێندرێن.
له‌ دوای ماوه‌یه‌ك هه‌ردوو هاورێی كاكه‌ به‌ختیار شه‌هید ده‌كرێن و ته‌رمه‌كانیان له‌ ناوچه‌یه‌كی نزیك موسڵ ده‌دۆزرێته‌وه‌، به‌ڵام چاره‌نووسی كاك به‌ختیار دیار نه‌بوو، بۆیه‌ ئاژانسه‌كه‌مان له‌م ماوه‌یه‌ی رابردوودا گشت تواناكانی خسته‌ گه‌ر بۆ زانینی چاره‌نووسی و به‌ ده‌یان كرداری تایبه‌تیش ئه‌نجام دران بۆ گه‌یه‌شتن به‌ سه‌ره‌داوه‌كان، به‌لام چاره‌نووسی به‌ نادیاری مابوویه‌وه‌‌.
ئێستا له‌م چه‌ند رۆژه‌دا (ده‌زگای فورقانی) راگه‌یاندنی گروپی تیرۆریستیی ئاماژه‌ پێكراو له‌ چه‌ندین سایتی ئینته‌رنێتیدا گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییان بڵاو كردۆته‌وه‌ كه‌ تیایدا وا نیشاندراوه‌ كه‌ كاكه‌ به‌ختیار شه‌هید ده‌كه‌ن.
پشت راستكردنه‌وه‌ی ئه‌م گرته‌ ڤیدیۆیه‌ له‌ وانه‌یه‌ كاتی ده‌وێت و پێویستی به‌ به‌دوادا چوونی زیاتره‌، به‌ڵام له‌ دۆخێكی وادا و گه‌ر گرته‌كه‌ راست بێت، ئێمه‌ وێرای ده‌ربرینی خه‌مباریمان بۆ له‌ ده‌ستدانی تێكۆشه‌رێكی ماندوونه‌ناسی ئاژانسه‌كه‌مان، كه‌ رۆلێكی به‌رچاوی له‌ پاراستنی ئاسایشی هه‌رێم هه‌بووه‌، رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ ئه‌م تیرۆریستانه‌ و هاوكارانیان به‌رپرسیاریه‌تی هه‌موو ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م كرداره‌یان له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن و له‌ هه‌وله‌كانمان به‌رده‌ام ده‌بین، چ بۆ پشتراستكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی كاكه‌ به‌ختیار و چ به‌ سزاگه‌یاندنی ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌شداریان له‌م تاوانه‌دا كردووه.
ئه‌م رووداوه‌ش نه‌ك هه‌ر له‌ ئه‌ركی پیرۆزی پاراستنی ئاسایشی هه‌رێم سڵمان ناكاته‌وه‌، به‌ڵكوو زیاتر هانمان ده‌دات تا سه‌رچاوه‌كانی تیرۆر و هه‌ره‌شه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێم له‌ هه‌ر جێگه‌یه‌ك بن، وشك بكه‌ین و ئۆقره‌ له‌ تیرۆریستان ببڕین.
ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان
 17/10/2011

No comments:

Post a Comment