ئێواره‌ی دوینئ له هۆڵی بۆنه‌كان له شارۆچكه‌ی پیرمام به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له پرسه‌ی شه‌هید لیوا به‌ختیار حه‌سه‌ن حه‌مه‌ڕٍه‌حیم به‌شداریكرد. |
سه‌رۆك بارزانی له دووه‌مین ڕۆژ و كۆتایی پرسه‌ی ئه‌فسه‌ری پایه‌به‌رزی ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان شه‌هید لیوا به‌ختیار نه‌جه‌فی به‌شداریكرد و له نزیكه‌وه پرسه و سه‌رخۆشی خۆیی به كه‌سوكار و بنه‌ماڵه و هاوكارانی شه‌هید ڕاگه‌یاند.
هه‌ر له رۆژی دووه‌م و كۆتایی پرسه‌كه‌دا كه به‌ئاماده‌بوونی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان به‌رێوه‌چوو و هه‌ریه‌ك له دكتۆر كه‌مال كه‌ركووكی سه‌رۆكی په‌ڕله‌مانی كوردستان و دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئازاد به‌رواری جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عه‌دنان موفتی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانی له په‌ڕله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ژماره‌یه‌كی زۆر له كه‌سایه‌تی سیاسی و ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری و ئه‌كادیمی و به‌رپرسانی ئیداری و سه‌ربازی و جه‌ماوه‌رێكی فراوانی ناوچه جیاجیاكانی كوردستان به‌شدرابوون و پرسه و سه‌رخۆشی خۆیانیان به كه‌س و كار و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید ڕاگه‌یاند.
جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه، لیوا به‌ختیار حه‌سه‌ن حه‌مه‌ڕه‌حیم ناسراو به به‌ختیار نه‌جه‌فی چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر له كاتی جێبه‌جێكردنی ئه‌ركێكی ڕه‌سمی له باكوری شاری موسڵ له‌لایه‌ن گروپی تیرۆریستی به‌ناو ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێراق ده‌ڕفێنرێت و دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ریش ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له ڕاگه‌یاندراوێكیدا، شه‌هیدبوونی ئه‌و ئه‌فسه‌ره پایه‌به‌رزه‌ی ئاژانسه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند و وه‌ك تێكۆشه‌رێكی ماندوونه‌ناس و ڕۆڵه‌یه‌كی چالاكی ڕێگای پاراستنی ئاسایش و ئارامی خه‌ڵكی كوردستان وه‌سفی كرد.
No comments:
Post a Comment