Tuesday, June 5, 2012

نێچیرڤان بارزانی دواى به‌شداریكردن له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهان له‌ ئیستانبول ئه‌مشه‌و ده‌گه‌رێته‌وه‌ هه‌ولێر


 نێچیرڤان بارزانی  به‌شداریی له‌ ڕێوڕه‌سمێكی پێشوازیدا كرد كه‌ له‌ لایه‌ن ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان‌ له‌ سه‌ر شه‌ره‌فی گه‌وره‌ شاند و میوانانی به‌شداری كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهان له‌ ئیستانبول ساز كرا


له‌ چوارچێوه‌ی به‌شداریكردنی له‌ كار و چالاكییه‌كانی كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهان كه‌ له‌ ئیستانبول به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٥ی حوزه‌یرانی  ٢٠١٢ ، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری به‌شدارییان له‌ ڕێوڕه‌سمێكی پێشوازی كرد كه‌ له‌ لایه‌ن ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان – ی سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیاوه‌ له‌ سه‌ر شه‌ره‌فی گه‌وره‌ شاند و میوانانی به‌شداری كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهان له‌ ئیستانبول ساز كرا.


له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا دووباره‌ خۆشحاڵیی خۆیان به‌ به‌شداریی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌دا نیشان دا و داكۆكی له‌ سه‌ر گرنگیی ئه‌م به‌شدارییه‌ و ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌ بواری ئابووری و وزه‌دا كرایه‌وه‌.


له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی به‌شداربووانی كۆڕبه‌نده‌كه‌ له‌ سیاسه‌توان و ئابوورناس و ئه‌كادیمی و ڕۆژنانووس و میدیاكاران، ڕه‌وشی ئابووری و ڕۆڵ و توانای هه‌رێمی كوردستانی له‌ به‌رهه‌مهێنان و دابینكردنی وه‌زه‌ و ده‌ركه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهانیی وزه‌ تاتوێ كرد.


له‌م دیدارانه‌دا جه‌خت له‌ سه‌ر ڕۆڵی گرنگی ئابووری و چالاكیی كه‌رتی تایبه‌ت له پته‌وكردنی سیسته‌می سیاسی و به‌ره‌وپێشبردنی ڕه‌وشی كۆمه‌ڵایه‌تی كرایه‌وه‌ و نێچیرڤان بارزانی ئه‌زموونی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له‌ بره‌ودان به‌ ڕه‌وشی ئابووری و كاركردن له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت به‌ سه‌ركه‌وتوو له‌ قه‌ڵه‌م دا و ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵی گرنگی كه‌رتی تایبه‌ت له‌مباره‌یه‌وه‌ ‌ كرد.


شایانی باسه‌ شاندی یاوه‌ری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شدارییان له‌ چه‌ندین پانێلی جیاجیای كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهاندا كرد و تیشكیان خسته‌ سه‌ر ڕه‌وشی ئابووری و په‌ره‌پێدانی كه‌رتی تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پێناو گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووریی هه‌رێمی كوردستاندا ناویه‌تی.


بڕیار وایه‌ هه‌ر ئه‌مشه‌و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شانده‌ یاوه‌ره‌كه‌ی كه‌ له‌ د.ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان و د.عه‌لی سندی وه‌زیری پلاندان و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێك دێت، بگه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌ولێر.
PDF File

No comments:

Post a Comment