Sunday, September 16, 2012

به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى باڵاى وه‌به‌رهێنان به‌رێوه‌چوو



110 پرۆژه‌ى پیشه‌سازى له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت

دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 16ى ئه‌یلوولى 2012 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان؛ سه‌رپه‌رشتیى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى باڵاى وه‌به‌رهێنانى كرد كه‌ تیایدا ڕه‌وشى ئێستاى وه‌به‌رهێنان و ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ى دێنه‌ به‌رده‌م بوارى وه‌به‌رهێنان و چۆنیه‌تیى چاره‌سه‌ركردنیان بۆ ڕه‌خساندنى بوارى زیاترى وه‌به‌رهێنان به‌ تایبه‌تیش له‌ هه‌رسێ بوارى پیشه‌سازى، كشتوكاڵى و گه‌شتیاریدا؛ خرانه‌ به‌ر باس، چه‌ند بڕیارێكى گرنگیش له‌مباره‌یه‌وه په‌سند كران.

بۆ ئه‌وه‌ى چاودێرى و كۆنترۆلێكى ته‌واوى ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌ت له‌ سه‌ر چۆنیه‌تیى جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان هه‌بێت، بڕیارى خه‌رجكردنى یه‌كه‌ى سه‌رپه‌رشتیكردن درا. به‌مه‌ش له‌مه‌ودوا چاودێرى و كۆنترۆلێكى ورد و تۆكمه‌ترى ئه‌ندازیاریى ده‌زگا و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌ حكوومییه‌كان له‌ سه‌ر چۆنیه‌تیى جێبه‌جێكردن و ئه‌نجامدانى پرۆژه‌كان ده‌بێت، به‌ تایبه‌تیش پرۆژه‌كانى كه‌رتى نیشته‌جێبوون و ده‌بیته‌ هۆى له‌به‌رچاوگرتنى باشترى پێوه‌ر و ستانداره‌كان له‌و پرۆژانه‌دا، به‌مه‌ش پرۆژه‌ى بینا و خانوبه‌ره‌ى ڕێكوپێكتر و باشتر له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

هه‌ر په‌یوه‌ست به‌ بوارى نیشته‌جێكردنه‌وه‌، ئه‌نجومه‌نى باڵاى وه‌به‌رهێنان جه‌ختى له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ لیژنه‌ى ئاماده‌كردنى ڕێنمایى تازه‌ى پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبوون، ڕینمایى تازه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ بكات كه‌ له‌وپه‌ڕى به‌رژه‌وه‌ندیى خه‌ڵكى كه‌مده‌رامه‌تدا بێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌ باشترین و فراونترین شێوه‌ سوود به‌و خه‌ڵكانه‌ بگه‌یه‌نێت و ئه‌و ڕۆڵه‌ بگێڕێ كه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى  نیشته‌جێبوون، لێى چاوه‌ڕێ ده‌كرێت.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا؛ ئه‌و ڕاسپاردانه‌ په‌سه‌ند كران كه‌ لیژنه‌ى ئاماده‌كردنى زه‌وى بۆ پرۆژه‌كانى بوارى پیشه‌سازى و كشتوكاڵ و گه‌شتیارى ئاماده‌ى كردبوون، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ ڕێخۆشكه‌ر و ئاسانكارییه‌ك له‌ پرۆسه‌ى دابینكردن و دابه‌شكردنى زه‌وى بۆ پرۆژه‌كانى ئه‌و سێ كه‌رته‌ و وا ده‌كات كه‌ ئه‌و پرۆژانه‌ خێراتر بكه‌ونه‌ وارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

هه‌ر له‌ بوارى پرۆژه پیشه‌سازییه‌كاندا، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى باڵاى وه‌به‌رهێناندا، بڕیار له‌ سه‌ر ئه‌نجامدانى (110) پرۆژه‌ى پیشه‌سازى درا كه‌ زۆربه‌یان له‌ بواره‌كانى پیشه‌سازیى خوارده‌مه‌نى و كه‌رسته‌ و پێداویستییه‌كانى بیناسازیدان و به‌م بڕیاره؛‌ ئه‌م پرۆژانه‌ ده‌كه‌ونه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌. ئه‌نجامدانى ئه‌م (110) پرۆژه‌یه‌؛ ڕۆڵێكى دیار له‌ بنیاتنانى ژێرخانى پیشه‌سازى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا ده‌گێڕێت و به‌ هه‌زاره‌ها ده‌رفه‌تى كاریش ده‌ڕه‌خسێنێت.

له‌ كۆتایى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا؛ بڕیار درا ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا یاساى نوێى وه‌به‌رهێنان بنێرێته‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، تا له‌ وێشه‌وه‌ بۆ گفتوگۆ و په‌سه‌ندكردن بچێته‌ په‌رله‌مان. چاوه‌ڕێ ده‌كرێت په‌سه‌ندكردنى یاساى نوێى وه‌به‌رهێنان ببێته‌ هانده‌رێك بۆ ڕاكێشانى زیاترى وه‌به‌رهێنه‌رانى بیانى و ناوخۆیى و له‌ پێناو بره‌ودان و گه‌شه‌سه‌ندنى باشتر و فراونترى بواره‌كانى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستان؛ ئاسانكاریى زیاتر پێشكه‌ش بكات.

No comments:

Post a Comment