سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، 16ى ئه‌یلوولى 2012 له هه‌ولێر؛ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له نوێنه‌ری نیازپاكیی كۆمیسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان UNHCR و ئه‌ستێره و سینه‌ماكارى ناودارى هۆلیوود ئه‌نجه‌لینا جوولى كرد.
له دیدارێكدا سه‌رۆكى حكوومه‌ت وێڕاى به گه‌رمى به‌خێرهێنانى جوولى، خۆشحاڵیى خۆیشى به‌و سه‌ردانه‌ى ده‌ربڕى و سه‌ردانه‌كه‌ى به گرنگ له قه‌ڵه‌م دا، به تایبه‌تى كه له ڕووى مه‌عنه‌وییه‌وه بۆ په‌نابه‌رانى كامپه‌كانى ئاواره‌كانى سووریا له سنوورى پارێزگاى دهۆك ئومێدبه‌خشه و هیواى خواست ئه‌م سه‌ردانه‌ى ببێته هۆى ئاوڕدانه‌وه‌ى زیاترى كۆمیسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ڕه‌وشى په‌نابه‌ران و هانده‌ر بێت بۆ ئه‌وه‌ى UNHCR هاوكاریى زیاتر و باشتر پێشكه‌ش به په‌نابه‌ران بكات.
نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا په‌نابه‌ران كه ژماره‌یان 24 هه‌زار كه‌سه و زۆربه‌یان كوردن و په‌نابه‌رى عه‌ره‌بیشى تێدایه، پێویستیان به ئاوڕدانه‌وه و هاوكاریكردنى زیاترى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه و ڕوونى كرده‌وه كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هیچ یارمه‌تییه‌كى له حكوومه‌تى به‌غداوه بۆ هاوكاریى په‌نابه‌ران پێ نه‌گه‌یشتووه، به‌ڵام حكوومه‌تى هه‌رێم چاوه‌ڕێى به‌غداى نه‌كردووه و هه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م گه‌یشتنى په‌نابه‌ران، ده‌ستى به هاوكاریكردنیان كردووه و بڕى ده ملیۆن دۆلارى بۆ یارمه‌تیى په‌نابه‌ران خه‌رج كردووه و به‌رده‌وامیش ده‌بێت. سه‌رۆكى حكوومه‌ت تیشكى خسته‌ر هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌ت بۆ گرنگیدانى زیاتر به بوارى ته‌ندروستى و په‌روه‌رده و خوێندن و ڕایگه‌یاند كه ئێستا هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك بۆ ده‌سپێكى ساڵى تازه‌ى خوێندن له كامپه‌كان كراوه.
لاى خۆیه‌وه ئه‌نجه‌لینا جوولى، خۆشحاڵیى خۆى بۆ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان نیشان دا و سوپاس و ده‌ستخۆشى له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ ئه‌و هاوكارییانه‌ى كه پێشكه‌ش به په‌نابه‌رانى كردووه به كردنه‌وه‌ى كامپ و گه‌یاندنى هاوكاریى ژیارى و ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌یى و فریاكه‌وتن و پاراستنى ژیانى په‌نابه‌ران. هه‌روه‌ها هیواى به‌رده‌وامیى ئه‌و هاوكارییانه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى خواست و ڕایگه‌یاند كه هه‌رێمى كوردستان شایانى هاوكاریى نێوده‌وڵه‌تى یه بۆ یارمه‌تیدانى په‌نابه‌ران و له‌مڕووه‌وه ئه‌ویش هه‌وڵى دابینكردنى هاوكاریى زیاترى نێوده‌وڵه‌تى بۆ هاوكارى و یارمه‌تیدانى په‌نابه‌ران ده‌دات.
له كۆتایى دیداره‌كه‌دا ئه‌نجه‌لینا جوولى نوێنه‌ری نیازپاكیی كۆمیسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان UNHCR باسى له سه‌ردانه‌كانى چه‌ند ڕۆژى ڕابردووى خۆى بۆ كامپه‌كانى په‌نابه‌رانى سووریا له توركیا و ئوردن كرد و تیشكى خسته سه‌ر ڕه‌وشى مرۆیى په‌نابه‌ران، هیوایشى خواست كه له داهاتوودا دووباره سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان بكاته‌وه.
No comments:
Post a Comment