Friday, January 6, 2012

سەرۆكی كوردستان بۆ رۆیتەرز: بەشێك نین لە ململانێیە تائیفیەكانی ناو عێراق

سەرۆك مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان لە میانی دیمانەیەكی رۆیتەرز ئاماژە بە چەند پرسێكی تایبەت بە عێراق دەكات، رۆیتەرز ئەم دیمانەی سەرۆك بارزانی لە میانی راپۆرتێكی شیكاریدا بڵاو كردۆەتەوە و وێنە و هەواڵ دەقی ئەم راپۆرتەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی، ئەمەش دەقەكەیەتی:



كوردی عێراق سوورن لەسەر ئەوەی نەخزێنە ناو شەڕی تایەفیییەوە لەسەر هەوڵی دەستگیركردنی تارق هاشمی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق سووننە مەزهەب لە لایەن نوری مالیكی سەرۆكی وەزیران شیعە مەزهەب و سەرۆكی كوردستانیش دەڵێت: جێبەجێنەكردنی سیستەمی فیدراڵی دەبێتە هۆی خوڵقاندنی كارەسات بۆ وڵاتەكە.
دوای نۆ ساڵ لە شەڕی عێراق، هێشتا عێراق گیرۆدەی چەكدارانی سووننە و میلیشیاكانی شیعەیە، بەڵام كوردستانی عێراق تا رادەیەكی باش ئاشتی و خۆشگوزەرانی تێدا جێگیربووە دوای ئەوەی ساڵی 1991 لە دژی سەددام حوسێن راپەرینیان ئەنجامدا و دواتر لە دەستووری عێراقی 2005دا بە فەرمی ئۆتۆنۆمی فیدراڵییان بەدەستهێنا.
كورد هەوڵیداوە دووربێت لەو ململانێ سیاسییە بێكۆتایانەی كە یەخەی حكوومەتی ناوەندی بەغدای گرتووە و هەوڵیداوە وەك ناوبژیوان كار بكات بۆ چارەسەركردنی گرژییەكان، مەگەر تەنها بەرژوەندییەكانی خۆیان مەترسییان لەسەر هەبووبێت.
هەڵهاتنی مانگی رابردووی تارق هاشمی جێگری سەرۆك كۆمار بۆ كوردستان لە دوای هەوڵی دەستگیركردنی بەتۆمەتی سەرپەرشتیكردن چەند دەستەیەكی پیاوكوشتن كوردی پاڵناوەتەوە ناو پێگەیەكی ناوەندی بەهێزەوە لە درامایەكی سیاسییدا كە ئەگەری ئەوەی لێ دەكرێت شەڕی تایەفی لێبكەوێتەوە.
مسعود بارزانی، سەرۆكی كوردستان، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ رۆیتەرز رۆژی چوارشەممە گوتی: من نامەوێت بخزێمە ناو ئەمەوە. ئێمە بەشێك نین لەو ململانێ تایەفییە كە لەوێ هەیە. بێگومان ئێمە بەشێكین لە ناكۆكی سیاسی و خەباتی سیاسیدا، بەڵام بەشێك نین لە ناكۆكییە تایەفییەكان.
كورد داوای بەستنی كۆنگرەیەكی نیشتیمانییان كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان مالیكی و لیستی عێراقییە كە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان و حكوومەتی هەڵپەساردووە و حكوومەتەكەی مالیكی بەوە تۆمەتبار دەكەن كە دەسەڵاتەكانی هەمووی لە خۆیدا كۆكردووەتەوە.
سەرۆك بارزانی گوتی: ئێمە چاوەڕێی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین بگەنە رێككەوتنێك لەسەر ئەوەی لە كەی و لە كوێ كۆبوونەوەكە بكرێت.
سەرۆك بارزانی گوتیشی: كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ ئەوەی كۆنفرانسەكەی لێ ببەسترێت، بەڵام سەرچاوە سیاسییەكان گوتیان مالیكی دژی ئەوەیە كۆنفرانسەكە لە هەولێری پایتەختی كوردستان ئەنجام بدرێت و دەیەوێت سەرەتا مەسەلەی هاشمی یەكلایی بكرێتەوە.
سەرۆك بارزانی گوتی: ئەگەر ئەوان بڕیاریاندا لە جێگایەكی دیكە سازی بكەن، ئەوە دەكەوێتە سەر ئەوان، بەلای ئێمەوە شوێن كێشە نییە. هەرچەند پێم وایە زۆربەی لایەنە پەیوەندیدارەكان ئامادە نین بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە بكەن ئەگەر لە بەغدا بێت.
دەربارەی چارەنووسی هاشمیش، سەرۆك بارزانی گوتی: ئەمە شتێكە كە دەبێتە سیستەمی قەزایی و دادگاكان بڕیاری لەسەر بدەن. ئێمە بە هیچ شێوەیەك دەستوەرنادەین لە هەر بڕیارێك سیستەمی قەزایی بیدات.
هاشمی دەڵێت ئامادەیە لە هەرێمی كوردستان بچێتە دادگا و جەخت لەوە دەكاتەوە كە دادگاییكردنێكی دادپەروەرانە لە بەغدا رێی تێناچێت.
قەیرانەكە كوردی خستووەتە پێگەیەكی ئاڵۆزەوە، بەڵام هاوكات بەهێزەوە ئەگەر هاتوو هیچ رێككەوتنێكی سیاسی بەدەست هات، و ئەگەرنا، هەریەك لە مالیكی و لیستی عێراقییەش پێویستییان بە پشتیوانی كوردە لە پەرلەمان بۆ ئەوەی بەسەر ئەوی دیكەدا سەربكەون.
رەنگە كورد ئەم قورساییە بەكاربهێنێت بۆ بەدەستهێنانی تەنازولات بۆ بەرژوەندییە ستراتیژییەكانی خۆی، وەك كۆنترۆڵی سەرچاوەكانی نەوت و ناوچە كێشە لەسەرەكانی نێوان بەغدا و كوردستانی عێراق.
هەرچەند كوردستانی عێراق زۆر سەقامگیرە، بەڵام كوردان توڕەن لە چارەسەرنەكردنی بارودۆخی كەركووك لە لایەن بەغداوە، ئەو شارەی كە لەسەر یەدەگی زۆر گەورەی نەوتە و كورد بە بەشێك لە كوردستانی دادەنێت. ریفراندۆمێك لە ماددەی 140ی دەستووری عێراق بۆ ساڵی 2007 دیاریكراوە بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە.
سەرۆك بارزانی كە سەرپەرشتی شەڕی هێزەكانی پێشمەرگەی دەكرد لە دژی سەددام هەر لە دوای ساڵی 1979 كاتێك باوكی كۆچی دوایی كرد و ئەویش لە دوای ساڵانی چلەكانی سەدەی رابردووەوە لە دژی بەغدا خەباتی دەكرد، گوتی: وەك كورد ئێمە ئەم یەكێتییە ئارەزوومەندانەمان لە نێوان نێوان كورد و عەرەب و سیستەمی حوكمڕانی فیدراڵ بۆ عێراقمان هەڵبژاردوە. ئەمە مافێكی دەستوورییە بۆ ئێمە و بۆ گەلانی عێراق، ئێمە پشتگیری لە سیستەمێكی فیدراڵی دەكەین لەم وڵاتەدا. رێگەگرتن لە جێبەجێكردنی ماددەكانی دەستوور دەبێتە هۆی ئەوەی وڵاتەكە رووبەرووی كێشەی گەورە ببێتەوە و كارەسات دەخوڵقێنێت.
لەگەڵ ئەوەی ململانێ سیاسییەكانی بەغدا بوونەتە هۆی پەككەوتنی یاسای نەوت و غاز، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بووە لە كاری خۆی و زنجیرەیەك گرێبەستی ئیمزاكردووە، لە نێویاندا لەگەڵ كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل، ئەمەش بووەتە هۆی نارەحەتی زۆرێك لەوانەی لە حكوومەتی ناوەندیدان.
سەرۆك بارزانی باسی لەوەكرد كە رێككەوتنێكیان لەگەڵ بەغدا هەبوو بەوەی هەر لایەنێك بەردەوام دەبن لە ئیمزاكردنی ئەو گرێبەستانە هەتا یاسای نەوت و غاز پەسەند دەكرێت لە پەرلەماندا. گرێبەستەكەی ئێكسۆن-یش ئەو ناوچانە دەگرێتەوە كە لە لایەن هەولێر و بەغداوە كێشەیان لەسەرە.
سەرۆك بارزانی گوتی: دەربارەی ئەو ناوچانەی پێیان دەگوترێت ناوچە كێشە لەسەرەكان لە لایەن خەڵكانی ترەوە، بەلای ئێمەوە ئەوانە بەشێكن لە هەرێمی كرودستان. ئەگەریش ئەوان كێشەیان لەگەڵ ئەمە هەیە، با بێن و ماددەی 140 جێبەجێ بكەن هەروەك لە دەستووردا هاتووە.

No comments:

Post a Comment