ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه 4/1/2012 به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له به‌رێز مارتن كۆپله‌ر نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق. | ![]() |
له دیدارێكدا، هه‌ر دوولا له باره‌ی پێشهاته سیاسیه‌كانی عێراق و قه‌یرانه‌كانی ئه‌مرۆی به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسی و كێشه‌كانی نێوان ده‌وڵه‌تی یاسا و لیستی ئه‌لعێراقیه و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردن و ده‌رباز بوون له‌و قه‌یرانه بیرورایان ئاڵوگۆڕ كرد.
سه‌رۆك بارزانی زۆر به وردی تێروانینه‌كانی له باره‌ی بارودۆخی ئێستای عێراق خسته‌ڕوو و ته‌ئكیدی له‌وه‌كرده‌وه كه له رێگه‌ی دانیشتن و بیروڕا ئاڵوگۆڕ كردن هێزه سیاسیه‌كانی عێراق ده‌توانن بگه‌نه رێگه چاره‌یه‌ك بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌ی كه ماوه‌یه‌كه له عێراق سه‌ریهه‌ڵداوه و به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی نیشتمانی فراوانیشی بۆ هه‌موو هێز و لایه‌نه سیاسیه‌كان به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی گیروگرفته‌كانی په‌یوه‌ست به حوكمڕانی و به‌رێوه‌چوونی وڵات و كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێم به پێویستی زانی و ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه كه پێویسته له چاره‌سه‌ری ئه‌و هه‌موو كێشانه پشت به ده‌ستوریی هه‌میشه‌یی عێراق ببه‌سترێ و بۆ سازادانی كۆنگره‌كه‌ش پێویسته ئاماده‌كارییه‌كی باشی بۆ بكرێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ له هه‌موو رووێكه‌وه سه‌ركه‌وتن وه‌ده‌ست بێنێ و عێراق له‌و قه‌یرانه ده‌رباز بكات و له‌م رووه‌وه سه‌رۆك بارزانی داوایكرد كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان وه‌ك لایه‌نێكی بێ لایه‌ن رۆڵی كاریگه‌ری خۆی بگێرێ له سه‌رخستنی كۆنگره‌كه.
له لای خۆیه‌وه نوێنه‌ری سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان خۆشحاڵی خۆی به دید و بۆچوونه‌كانی سه‌رۆك بارزانی ده‌ربڕی و هه‌وڵه‌كانی به‌رێزیشیانی بۆ ده‌رباز بوون له‌م قه‌یرانه به‌رزنرخاند.
No comments:
Post a Comment