دوای كۆتایهاتنی كۆبوونەوەكە هەریەك لە ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دەزگایەكانی راگەیاندن دوان و وردەكاری زیاتریان خستەروو. | ![]() |
لەسەرەتادا عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی ڕایگەیاند، سوپاسی ئەو سەردانەی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین نەك بۆ لای ئێمە، بەڵكو بۆ لای لایەنەكانی تریش وەكو نەوشیروان مستەفا، من ئەو نەفەس و ڕوحیەتی كاك نێچیرڤان بەشتێكی زۆر ئیجابی و پێویست دەزانم، ئێمە پێویستە لەڕووی یەكتردا كراوەبین و ئیجابی بین دڵسۆزبین بۆ یەكتر و هەوڵبدەین هاوكار و دەسبارگری كاری یەكتربین، ئومێد دەكەین لە داهاتوودا كاك نێچیرڤان هەر ئەركێكی پێ سپێردرا بتوانێت بەباشترین شێوە جێبەجێی كات بەشێوەیەك كە خوای پەروەردگاروهەموو خەڵكی كوردستان لێ ڕازی بێت.
لەبەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: سەردانی ئێمە زیاتر بۆ ئەوە بوو كە مامۆستا عەلی باپیر تووشی ڕووداوێكی هاتووچۆ ببوو، خۆشبەختانە سەلامەت بووە لەم ڕووداوە.
ئاماژەی بەوەشدا: ئێمە هەمیشە ڕۆڵی مامۆستا عەلی باپیر زۆر بەرز نرخاندووە لەهەموو ئەو كێشانەی لەهەرێمی كوردستان دێتە پێشەوە، لەكۆبونەوەی ئەمڕۆ وەكو دوو لایەنی سیاسی باسی وەزعی ئێستای كوردستان و ئایندە و چۆنیەتی ئیشوكاری حكوومەت لە ئایندە كرا، باسی پێكەوە كاركردنمان كرد هەم لەكوردستان و هەم لەو پرسانەی لەبەغدا بۆ هەرێمی كوردستان دێنە پێشەوە. ئەم دیدارانە بەردەوام دەبێت لە ئایندەشدا لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی و لایەنەكانی تریش.
لەبارەی پشتیوانی كردن لەكابینەی داهاتووی حكوومەت، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان ڕایگەیاند، جارێ بەشێوەیەكی فەرمی كاك نێچیرڤان ڕانەسپێردراوە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەت، بەڵام بەدڵنیایەوە خۆمان لەوە دادەبینینەوە كە لەنێو حكوومەت دابین و لەدەرەوەی حكوومەت بین چی بەچاك بزانین بۆ ئەو خەڵكە و وڵاتە ئەوە بكەین.
لەبارەی ئامادەنەبوونی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ گفتوگۆكردن نێچیرڤان بارزانی گوتی: من پێموایە نەدەبوایە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەرگا دابخەن كە پێشوازی لە هیچ وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان نەكەن، ئەوان دەرگایان داخستووە نەكەس دەبینن نە پێشوازی لەكەس دەكەن، ئەگەر ئەوان فیعلەن مەبەستیان بێت چارەسەری كێشەكە بكەن ئەو بۆچونەیان هەڵەیە، چونكە كێشە دەبێت ئەو وڵاتە كێشەی هەیە، بەڵام مەعقول نییە ئێمە لەگەڵ یەك دانەنیشین بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەكان بكەین، ئێمە پێشبینیمان نەدەكرد برایانی یەكگرتوو بەتایبەتی وتەبێژی یەكگرتوو ئیسلامی بەم شێوەیە قسە بكات بڵێ ئێمە پێشوازی لە هیچ بەرپرسێكی پارتی ناكەین، پێموایە ئەو جۆرە بۆچوونانە بەهیچ شێوەیەك ڕاست نین با دەرگای خۆیان دانەخەن، چونكە كێشە دەبێت ئێمە دەتوانین بەدانیشتن و گفتوگۆ چارەسەری بكەین، زۆر شتی لەوە گەورەتریش لەو وڵاتە ڕوویداوە و چارەسەر بووە.
لەبارەی بەشداری كردنی ئۆپۆزیسیۆن لە حكوومەت نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئێمە خۆشحاڵ دەبین لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بەشداری حكوومەتی داهاتوو بكەن، چونكە نەك لەبەر ئەوەی بەشدار بن كە سەرۆكی ئەو حكوومەتە منم، بەشداری كردن بۆ ئەوەی ئێمە هەموومان پێكەوە ئەو پڕۆژەی كە پێی دەڵێن چاكسازی لەو وڵاتە جێبەجێبكەین، بەڵام بە تەئكید بەشداری نەكردنی ئۆپۆزسیۆن لە حكوومەت هەڵە نییە، بەڵام هەمیشە ئەو دانووستاندنانە لەنێوانی ئێمە چ بەشداربن یان بەشدار نەبن ئێمە ئەو دانووستاندانە دەكەین.
لەبارەی كێشەكانی ئێستای عێراق و بایكۆت كردنی لیستی عێراقیە لە حكوومەت و پەرلەمان جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕوونیكردەوە: هیوادارین كێشەكانی عێراق بەشێوەی گفوگۆكردن چارەسەر بكرێت، چونكە عێراق بە دۆخێكی زۆر مەترسیدار تێدەپەڕێت، چونكە ئەوە گەورەترین ئەزمەی عێراقە لەدوای ساڵی 2003، پێموایە كێشەكانی عێراق سیاسین پێویستە یەكەم جار بە سیاسیەن چارەسەر بكرێت، دیسانەوە دەبێت بە گفتوگۆ و لێك تێگەیشتن ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن.
لەبارەی هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی حكوومەت بەڕێزیان گوتی: تاوەكو ئێستا سەرۆكی كوردستان بەفەرمی تەكلیفی منی نەكردووە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، ئێمە چاوەڕوانی گەڕانەوەی مام جەلال دەكەین دوای ئەوەی برادەرانی یەكێتی بەفەرمی جێگری سەرۆكی حكوومەتیان دەستنیشانكرد دواتر كار بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ دەست پێدەكرێت.
لەبارەی كارنامەی كابینەی نوێوە نێچیرڤان بارزانی گوتی: كارە باشەكانی كابینەی شەشەم ئەوەی كە دكتۆر بەرهەم كردوویەتی كاری زۆر باشی كردووە و شتی زۆر باشی بە ئەنجام گەیاندووە، ئێمە هەوڵدەدەین كارە باشەكان باشتر بكەین و كەموكورتیەكانیش كەمتر بكەین، بە تەئكید وەكو بەرنامەی كابینەی شەشەم كارنامەی لیستی كوردستانی بووە بۆ كاركردن لەم وڵاتەدا و درێژەدەری ئەو كابینەیە دەبێت، ئێمە لەكابینەی پێنجەمدا كۆمەڵێك كەموكورتیمان بۆ كابینەی شەشەم جێهێشت، بە تەئكید لەو كابینەیەش هەندێك كەموكورتی بەجێماوە، ئەمە مانای ئەوەیە ئێمە تەواوكەری یەكترین بۆ كاری باش بۆ میللەتەكەمان.
لەبارەی ئەو كۆبوونەوانە بەڕێزیان گوتی: گرنگ ئەوەیە ئەو كۆبوونەوانەی ئێمە لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان ئەو شتانەی كە هەیە لەنێوانی خۆمان بتوانین چارەسەری بكەین، چونكە ئێمە لەیەك پاپۆڕداین ئینجا ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بیت یان حوكمڕان لەوڵاتەدا، كێشەكان دەبێت بەشێوەی گفتوگۆ دانیشین و چارەسەری بكەین باسی هەموو شتێك بكەین، ئێمە هیچ هێڵێكی سورمان نییە بۆ ئەو كێشانەی كە ئەمڕۆ لەهەرێمی كوردستان هەیە كە باسی لێوەنەكرێت.
No comments:
Post a Comment