Sunday, February 12, 2012

دەقی وتاری بەڕێز مەسروور بارزانی لە ئاهەنگی دەرچووانی خولی شەشەمی ئەفسەرانی ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان

لە ئاهەنگی دەرچوونی خولی شەشەمی ئەفسەرانی ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رێزدار مەسروور بارزانی وتارێكی پێشكەشكرد، كە ئەمەش دەقەكەیەتی:



بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی هێژا
میوانانی قەدرگران
زۆر بەخێر بێن بۆ ئاهەنگی دەرچوونی خولی شەشەمی ئەفسەرانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان

   بەم بۆنەیەوە پێمخۆشە پڕبەدڵ پیرۆزبایی و دەستخۆشی لەو ئەو فسەرانە بكەم، كە ئەمڕۆ لەم ئاهەنگە بەشداربوون بەبۆنەی تەواوكردنی ئەو وانانەی لەم خولەدا فێربوون و ئومێدەوارم بەمشێوەیە و بە ئەزموونێكی زیاتر و بەراهێنانێكی باشتر، كە دەگەڕێنەوە بۆ ریزەكانی ئاسایش و ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ دەكەن و زیاتر بتوانن خزمەتی گەل و وڵاتەكەیان بكەن، دەستخۆشیتان لێدەكەم و پیرۆزبایتان لێدەكەم.

   بەم بۆنەیەوە پێمخۆشە بۆ جارێكی دیكە سەری رێز و نەوازش بۆ هەموو شەهیدانی كوردستان و بەتایبەتی بۆ ئەو شەهیدانە دانەوێنین، كە لەریزەكانی ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان شەهید بوون و گیانی خۆیان كردە قوربانی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی كوردستان. جارێكی دیكە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەربەرزی ئەو شەهیدانە دەكەین و ئومێدەوارین خوای گەورە یارمەتی ئێمە بدات بتوانین بەردەوام بین لە گرتنی رێگەی ئەوان و لەسەر ئەم رێگەیە بەردەوام خزمەتی وڵاتەكەمان بكەین.

   لێرە پێمخۆشە باسی دوا گۆڕانكاریییەكانی كە بەسەر دامودەزگاكانی ئەمنی و ئاسایش لە هەرێمی كوردستان هاتوون تۆزێك باسی بكەم، چونكە هەندێك پرسیار مابن كە زۆر روون و ئاشكرا نەبن بۆ هەندێك لە برادەران و هاووڵاتیانی خۆشەویست. هەرچەندە پێشتر ئەم دەزگایانە بەلای ئێمەوە دەزگای یاسایی بوون لە پەرلەمان یاسای پێدەرچووە، بەڵام دواتر هەمواركردنەوەی یاسای پێشووتر ئەمجارە پەرلەمان دیسان یاساییەكی نوێتر دەرچوو بە دروستكردنی ئەنجوومەنێك بەناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، كە وەكو چەترێك سەرپەرشتی ئەرك و كارەكانی دەزگاكانی دیكەی ئەمنی و هەواڵگری لە هەرێمی كوردستان دەكات، كە ئەوانیش دەزگای ئاسایش و دەزگای هەواڵگری و دەزگاكانی پاراستن و زانیارین.

   ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان خۆی وەكو چەترێك وایە، كە هەماهەنگی و شێوەی كاركردنی لەنێوان ئەم دەزگایانە دەكەوێتە ئەستۆی و هەڵقەیەكیشە لە نێوان سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و ئەم دەزگایانە كە بتوانن ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن و ئەو راسپاردانەی كە لەسەرۆكایەتیەوە پێیان دەگات بیگەیەنێنە بەم دەزگایانە.

   لەلایەكی دیكەشەوە ئەركی سێهەمی ئەوەیە لە داڕشتنی سیاسەتی ئەمنی هەرێمی كوردستان كە ئەمە هەمووی دەكەوێتە چوارچێوەی ئەركەكانی ئەم ئەنجوومەنە، هیوادارین بەماوەیەكی نزیك بتوانن ئەم ئەركانەیان جێبەجێ بكەن، لە سیستەمی نوێ كاركردندا هەر كاتێك بڕیاردرا كە ئەم سیستەمە كاری پێبكرێت. ئینشاڵڵا لەم چەند رۆژە یا لە ماوەیەكی نزیكدا ئێمە شاهیدی ئەوە بین بەشێوەیەكی باشتر و رێكوپێكتر ئەركەكان جێبەجێ بكرێن و ئەم دەزگایانە لە نزیكەوە زیاتر هاوكاری یەكتر بكەن.

   بەم بۆنەیەوە دیسان من دەمەوێ جەخت لە هەندێك بابەتی هەنووكەیی بكەم و باسی ئەو گۆڕانكاریانە بكەم لە ناوچەكەدا روودەدەن و راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ كاریگەریان لەسەر هەرێمی ئێمە و لەسەر داهاتووی ئێمەدا هەیە، ئەو گۆڕانكاریانەی لە ساڵی رابردوو دەستیپێكرد و تائێستاش بەردەوامن، ئێمە دەبینین هەلی زۆر گەورەی تێدا بێت بۆ گەلەكەمان، لەوانەشە هەڕەشە و مەترسیشی لەگەڵدا بێت، بڕیارەكانی ئێمە و چۆنێتی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم ڕووداوانە چارەنووس و ئایندەی ئێمە دیاری دەكات.

   ئەگەر ئێمە بە وریایی و هۆشیاری و شارەزایی لەگەڵ ئەم گۆڕانكاریانەی كە لە ناوچەكە سەریانهەڵداوە مامەڵە بكەین، من دڵنیام كە ئایندەیەكی پرشنگدار چاوەڕوانمان دەكات. ئەگەر خوانەخواستە تووشی هەڵەش بین، لەوانەیە تووشی كێشە و گێژاوی گەورەتر بین لە ناوچەكە، بۆیە لێرە من ڕوو لە ئێوە وەك ئەفسەرانی ئاسایش و هەموو ئەندام و كارمەندانی دەزگاكانی ئەمنی دەكەم و لە هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویستیش ئەو داوایەم هەیە، كە ئێوە هەست بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی خۆتان بكەن و ئەو بڕیارانەی كە ئەمڕۆ دەیدەن دڵنیابن چارەنووس و ئایندەی ئێمە لە داهاتوودا دەستنیشان دەكات، ئایندەی ئێمە ئەمڕۆ دەستنیشان دەكرێ و ئەمڕۆ دیاری دەكرێ، هەر هەنگاوێك ئێمە ئەمڕۆ بیهاوێژین، ئەگەر بەرێگای راست بێ ئایندەیەكی رووناك لە پێشمانە. ئەگەر خوانەخواستە هەنگاوێكی چەوت بهاوێژین دیسان ئێمە بەدەستی خۆمان توشی كێشە و گرفت دەبینەوە، بۆیە من داواتان لێدەكەم بەوپەڕی بەرپرسیاریەتیەوە كار بكەن و بەرامبەر بەو گرفتانەی كە لەوانەیە بێنە پێشەوە رەفتار بكەن.

   ئێوە پارێزەری ئەمن و ئاسایشی ئەم وڵاتەن، ئێوە نەك تەنیا پارێزەری ماڵ و گیانی هاووڵاتیانن، بەڵكو پارێزەرانی دیموكراسیەتن، هی ناوەڕۆكی دیموكراسیەتن، هی جێبەجێكردنی دیموكراسیەتن لەم وڵاتەدا، ئێوە دەبێ ئەوە بزانن كە پاراستنی ژیانی هەموو كەسێك لەم وڵاتە ئەركی ئێوەیە، پاراستنی ئەم ئەزموونە ئەركی ئێوەیە، دڵنیاشم كە ئێوە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەم ئەركە جێبەجێ دەكەن، هیوادارم سەركەوتووبن لە راپەڕاندنی ئەركەكانتان.

   من نامەوێ درێژە بە بابەتەكەم بدەم، تەنیا بۆ ئەوە بوو دەستخۆشیتان لێ بكەم و پیرۆزبایتان لێ بكەم و ئینشاڵڵا هەر سەركەوتووبن.

زۆر بەخێر بێن
سوپاس

No comments:

Post a Comment