Sunday, March 18, 2012

دەقی وتاری سەرۆك بارزانی لە كۆنفرانسی بەجینۆساید ناساندنی كوردستان


لە چوارچێوەی كۆنفرانسی بە جیهان ناساندنی جینۆسایدكردنی كوردستان، خەڵاتی ئاشتی بەخشرایە بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان. ئەم خەڵاتە دەستكردی پرۆفیسۆر مۆلیتارییە كە یەكێكە لە گەورەترین نەقاشەكانی جیهان و لەشاری تۆرینتۆ هاتۆتە دونیا. ئەم خەڵاتە لەسەردەمی جینۆسایدكردنی میللەتی كورد هاتۆتە دروستكردن و لە زۆر پایتەختی دیكەی جیهان دروستكراوەتەوە و بەرزترینیان لە ئۆرشەلیم دروستكراوە بە بەرزی 20 مەتر. ئەم خەڵاتە سیمبوڵی ئاشتی كوردستانە و ڕەنگە سوورەكەشی بەیداخی خوێنی شەهیدانە. وەك لە ڕێوڕەسمی خەڵات بەخشینەكە ئاشكراكرا، سەرۆك بارزانی بەڵێنیداوە لەشاری هەولێر لوتكەیەكی بەرزی بۆ دروست بكات. لە ڕێوڕەسمەكەدا، سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەشكرد. ئەمەش دەقەكەیەتی:





بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
دۆستانی بەڕێز. ئامادەبووانی بەڕێز. خوشك و برایانی خۆشەویست..
 شەرەفێكی گەورەیە بۆ من، كە ئەمڕۆ بەجیاتی هەموو تاكێكی كورد و كوردستانی، لەجیاتی هەموو دایكە شەهیدێك و دایكە ئەنفالێك، لەجیاتی هەموو گەنجێكی شەهیدی بێسەروشوێن، لەجیاتی ئەو زاوا یەكشەوییەی كوڕە بارزانی، كە بێسەروشوێن كرا، لەجیاتی ئەو دایكە گەرمیانییەی كە هاوسەرەكەی و نۆ كوڕی بەیەكجار لەدەستدا، شەڕەفێكی گەورەیە، كە لەجیاتی هەموو ئەمانە و لەجیاتی گەلی كوردستان من ئەو خەڵاتە وەربگرم.

 ئەو خەڵاتە ڕێزگرتنە لە خەبات و تێكۆشانی گەلەكەمان، لەو خەباتە بێگەرد و پاك و خاوێنەی كە بە درێژایی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان ئێمە لەسەری بەردەوام بووین. ئەو خەڵاتە پێشكەش بەو كولتوورە دەكرێ كە گەلی كورد پێی دەنازێ و پێی سەربەرزە، ئەویش كولتووری پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییە.

بەڵێ، ئێمە جاران دەمانگووت: تەنها چیاكانمان دۆستمانن، بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە دەبینین ئەمڕۆ دۆستی زۆر بەڕێز و خۆشەویستمان لەسەرتاسەری جیهان هەن. ئەم دۆستانەی كە ئەمڕۆ لێرە دانیشتوون، نموونەیەكی زیندووە لە بەرچاوتان. پڕ بە دڵ سوپاسی هەمووتان دەكەم بۆ تەشریف هێنانتان بۆ ئەو هەوڵ و هیممەتەی كە دەیدەن بۆ ناساندنی جینۆسایدی گەلی كورد بە جیهان. ئەمە گەورەترین تۆڵەیە، كە لەو تاوانبارانە دەكرێتەوە.
بەڕێزان....
 فەرهەنگی ئێمە، فەرهەنگێكی پیرۆزە، لە بەهاری 1991ــەوە لەو مانگەدا میللەتی ئێمە لەسەرتاسەری كوردستان ڕاپەڕی، دوو فەیلەقی سوپای عێراقی تەسلیم بە گەلی كوردستان و بە پێشمەرگەی كوردستان بوو.

هێشتا بریندارانی كیمیایی هەڵەبجە لە نەخۆشخانەكان بوون، هێشتا بە دەیەها هەزار خەڵكی كوردستان ئاوارەی ئەم وڵات و ئەو وڵاتە بوون، هێشتا برینەكانمان خوێنیان لێدەهات، لەگەڵ ئەوەشدا هەمان ماڵە شەهید و كەسوكاری ئەو شەهیدانە، بە ڕێزەوە ئەو سەربازانەیان وەرگرت و بەخێریان هێنان و ڕێگەشیان دا بگەڕێنەوە ناو كەسوكاری خۆیان.

من پێموایە، ئێمە لە میللەتی خۆمان فێری ئەو فەرهەنگە بووین. لە میللەتی خۆمان فێری لێبوردەیی بووین و شانازی بەو میللەتە و بەو ئەخلاقە دەكەین. ئێمە میللەتێكی بە وەفاین، ئەوەی چاكەی لەگەڵ ئێمەدا كردبێت لەبیری ناكەین، هەروەها ئەوەی غەدریشی لێكردبین لەبیری ناكەین، بەڵام بەدوای تۆڵەدا ناگەڕێین، لەبیری ناكەین، بەڵام تۆڵە ناكەینەوە. تۆڵە بە هیممەت و وەفای ئێوە دەكەینەوە، كە ئەم تاوانانە لە جیهاندا بە جینۆساید بناسرێن، تۆڵە بەو شێوەیە دەكەینەوە ئەو فەرهەنگەی لێبوردەیی و پێكەوەژیانە ڕۆژ بە ڕۆژ لە كوردستان قوڵتری دەكەینەوە و هەوڵدەدەین لە هەموو عێراقیش. بەو شێوەیە ئێمە تۆڵە دەكەینەوە، ئەو رەوشتە بەرزە قوڵتر و فراوانتری بكەین و كوردستان ئاوەدان بكەینەوە.

  من جارێكی دیكە پڕ بە دڵ سوپاستان دەكەم، بەخیرهاتنتان دەكەم، ئومێدەوارم بە هیممەتی ئێوە و دۆستانی وەكو ئێوە دۆزی گەلەكەمان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پێشتر بچێت. ئێمەش نەتەوەیەكین هەموو مافێكمان هەیە وەك هەر نەتەوەیەكی دیكە.

  ئێمە سووریشین لەسەر ئەوەی بەردەوام دەبین لە خەباتی خۆمان، بەڵام دوور لە توندوتیژی، بەشێوەی ئاشتی و دیموكراتی و لێكتێگەیشتن. پێویستیمان بە كۆمەك و یارمەتی ئێوەی بەڕێز هەیە.

زۆر بەخێربێن و زۆر سوپاس
زۆر سوپای بۆ ئێوەش بۆ هەموو لایەك


No comments:

Post a Comment