Monday, September 17, 2012

یه‌كه‌م گه‌شتی‌ هێڵی‌ ئاسمانیی‌ ئیمارات بۆ هه‌ولێر ده‌ستیپێكرد

به‌ ئاماده‌بونى ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیرانى هه‌رێم و به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم و بالیوزى ئیمارات له‌ عیراق و بالیوزى عیراق له‌ ئیمارات و جیگرى پاریزگارى هه‌ولیرو ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانى دیكه‌ى ئیدارى و ژماره‌یه‌ك له‌ بازرگانان ، له‌ فروكاخه‌نه‌ى نێوده‌وله‌تى هه‌ولێر مه‌راسیمى یه‌كه‌م گه‌شتی‌ ئاسمانیی‌ له‌ شاری‌ دوبه‌یه‌وه‌ بۆ شاری‌ هه‌ولێر ده‌ستیپێكرد .

 بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ رێوڕه‌سمێك به‌ ئاماده‌بو‌ونی‌ وه‌زیری‌ بازرگانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و باڵیۆزی‌ ئیمارات له‌ عیراق و باڵیۆزی‌ عیراق له‌و وڵاته‌و لێپرسراوی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و جێگری‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر و جێگری‌ یه‌كه‌می‌ سه‌رۆكی‌  فڕۆكه‌وانیی‌ ئیمارات بۆ كاروباری‌ بازرگانی‌، به‌ڕێوه‌چوو.

 له‌و رێوڕه‌سمه‌دا  شێخ ماجد معه‌للا، جێگری‌  یه‌كه‌می‌ سه‌رۆكی‌ فڕۆكه‌وانیی‌ ئیمارات بۆ كاروباری‌ بازرگانی‌  له‌ وته‌یه‌كیدا رایگه‌یاند: هه‌ولێرو هه‌رێمی‌ كوردستان هاوشێوه‌ی‌ دوبه‌ی‌ به‌ شوێنێكی‌ گه‌وره‌ی‌ بازرگانی‌ داده‌نرێت، هه‌روه‌ها شوێنێكی‌ سه‌رنجڕاكێشه‌ بۆ وه‌به‌رهێنانی‌ ده‌ره‌كی‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌ رووی‌ بیناسازی‌ و به‌رهه‌مهێنانی‌ نه‌وت.

وتیشی‌: كردنه‌وه‌ی‌ هێڵی‌ ئیمارات له‌گه‌ڵ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌نگاوێكی‌ گرنگه‌ بۆ پته‌وكردنی‌ په‌یوه‌ندیه‌ ئابو‌ورییه‌كان و ئاڵوگۆڕی‌ بازرگانی‌.

 له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سینان چه‌له‌بی، وه‌زیری‌ بازرگانی‌ و پیشه‌سازی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌ رۆژنامه‌نو‌وسانی‌ راگه‌یاند: ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌تی‌ هه‌رێم پێشوازیی‌ له‌ كردنه‌وه‌ی‌ هێڵی‌ ئاسمانیی‌ ئیمارات له‌گه‌ڵ هه‌رێم ده‌كه‌ین‌و پێمانوایه‌ كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و هێڵه‌ ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ ئاسانكاریی‌ نێوان بازرگانان و سوودوه‌رگرتن له‌ تواناكانی‌ یه‌كتر.

 ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو: هه‌رێمی‌ كوردستان ناوچه‌یه‌كی‌ ئارامه‌ و جوڵه‌ی‌ بازرگانیی‌ تێدا گه‌شه‌ی‌ كرد‌ووه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد‌ووه‌ وڵاتان به‌تایبه‌تی‌ ده‌وه‌ربه‌ر گرنگی‌ به‌ هه‌رێمه‌كه‌مان بده‌ن، ئه‌مه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ هه‌ردوولا ده‌بێت.

هه‌یسه‌م ئه‌لبتاوی‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ هێڵی‌ فڕۆكه‌وانیی‌  ئیمارات له‌ عیراق، وته‌یه‌كی‌ به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ پێشكه‌شكرد‌و رایگه‌یاند: دوای‌ كردنه‌وه‌ی‌ هێڵی‌ ئاسمانی ئیمارات له‌ به‌غدا و به‌سره‌، هه‌ولێر ده‌بێته‌ سێیه‌مین شاری‌ عیراق سوود له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانمان وه‌رده‌گرن.

وتیشی‌: ئێمه‌ به‌ هاتنمان بۆ هه‌ولێر وه‌ك شارێكی‌ دێرینی‌ جیهان، ده‌توانین ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ پێشكه‌ش بكه‌ین بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ بونیادنانه‌وه‌‌و  كارده‌كه‌ین بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ گه‌شت و گواستنه‌وه‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ بۆ جیهان و له‌ جیهانه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر.

 رو‌ونیشیكرده‌وه‌: گه‌شتی‌ ئیمارات به‌ ژماره‌ EK949هه‌موو رۆژانێكی‌ یه‌كشه‌ممه‌، چوارشه‌ممه‌، پێنجشه‌ممه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ دوبه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سه‌عات 4:30 ده‌ستپێده‌كات و سه‌عات 6:30 ده‌گاته‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هه‌ولێر، گه‌شتی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ش به‌ ژماره‌ EK950 سه‌عات 8:00  له‌ هه‌ولێر ده‌رده‌چێت و سه‌عات 11:40ی‌ هه‌مان رۆژ ده‌گاته‌ دوبه‌ی‌.

هێڵی‌ ئاسمانیی‌ ئیمارات هێڵێكی‌ جیهانیه‌، جگه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ 74 وڵات لقیان هه‌یه‌ و 126 نو‌وسینگه‌ی‌ تریشان له‌ وڵاتان هه‌یه‌.

سه‌فه‌ری گه‌شتیاران بۆ هه‌ولێر كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی شه‌حنی ئاسمانی ده‌كات بۆ زیاتر له‌ 400 تۆن به‌شێوه‌یه‌كی هه‌فتانه‌ له‌ڕێگه‌ی ئه‌و وزه‌یه‌ی A340-300 دابینی ده‌كات كه‌ بریتییه‌ له‌ 13 تۆن له‌هه‌ر لایه‌نێكدا.

نێچیرڤان بارزانى: ده‌بێ كورد له‌ سووریا به‌ مافه‌كانى خۆى بگات


پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌؛ 17ى ئه‌یلوولى 2012، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان؛ پێشوازى له‌ یوونس ده‌میره‌ر باڵیۆزى توركیا له‌ عیراق كرد.

له‌ دیدارێكدا په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و توركیا خرانه‌ به‌ر باس و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ سه‌ر پته‌وكردن و فراوانكردنى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ تایبه‌تیش له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانیدا كرده‌وه‌ و باسیان له‌ گرتنه‌به‌رى ڕێوشوێنى گونجاوتر و میكانیزمى باشتر و كاراتر بۆ به‌ره‌وپێشبردنى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌ بواره‌كانى ئابوورى و وزه‌دا كرد.

ڕه‌وشى سیاسى و كێشه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى به‌غدا، لایه‌نێكى دیكه‌ى دیدارى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و باڵیۆزى توركیا له‌ عیراق بوو. هه‌ردوولا بیروڕایان ده‌رباره‌ى ئه‌م پرسانه‌ و چۆنیه‌تیى چاره‌سه‌ركردنیان گۆڕییه‌وه‌ و نێچیرڤان بارزانى هه‌ڵوێستى هه‌رێمى كوردستانى دووپاتى كرده‌وه‌ له‌وه‌ى كه‌ هه‌موو كێشه‌ و گرفته‌كان به‌ ڕێگه‌ى دیالۆگ و له‌یه‌كگه‌یشتن و به‌ پێى ئه‌و میكانیزمانه‌ى له‌ ده‌ستوورى عیراقدا دیارى كراون، چاره‌سه‌ر بكرێن. باڵیۆزى توركیاش پشتگیریى وڵاته‌كه‌ى بۆ چاره‌سه‌رى له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگ و ده‌ستووره‌وه‌ نیشان دا.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى دیدارى سه‌رۆك وه‌زیران و باڵیۆزى توركیادا، باس له‌ ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌ گشتى و به‌ تایبه‌تیش پرسى سووریا كرا. له‌مباره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌ مه‌ترسیى ڕه‌وشه‌كه‌ كرد و نیگه‌رانیى هه‌رێمى كوردستانى به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو خوێنه‌ى ڕۆژانه‌ له‌ سووریا ده‌ڕژێت؛ نیشان دا. سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ر بڕیارێكدایه‌ كه‌ گه‌لى سووریا له‌باره‌ى دواڕۆژى خۆیه‌وه‌ ده‌یدات و ئه‌وه‌ى به‌لاى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ گرنگه‌، ڕه‌وشى كورده‌ له‌ سووریا كه‌ له‌ هه‌موو مافه‌كانى بێبه‌شه‌ و ده‌بێ به‌ مافه‌كانى خۆى بگات.

Sunday, September 16, 2012

سه‌رۆك بارزانی به‌ره‌و ئه‌وروپا به‌رێ كه‌وت


به‌ بانگهێشتی فه‌رمی بۆ به‌شداری له‌ چه‌ند كۆنگره‌ و كۆنفرانسێكدا ، ئه‌مرۆ یه‌ك شه‌ممه‌ 16/9/2012 سه‌رۆك بارزانی هه‌رێمی كوردستانی به‌ جێهێشت و به‌ره‌و ئه‌وروپا به‌رێ كه‌وت.

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ ئه‌نجه‌لینا جوولى كرد



سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، 16ى ئه‌یلوولى 2012 له‌ هه‌ولێر؛ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ نوێنه‌ری نیازپاكیی كۆمیسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان UNHCR و ئه‌ستێره‌ و سینه‌ماكارى ناودارى هۆلیوود ئه‌نجه‌لینا جوولى كرد.

له‌ دیدارێكدا سه‌رۆكى حكوومه‌ت وێڕاى به‌ گه‌رمى به‌خێرهێنانى جوولى، خۆشحاڵیى خۆیشى به‌و سه‌ردانه‌ى ده‌ربڕى و سه‌ردانه‌كه‌‌ى به‌ گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا، به‌ تایبه‌تى كه‌ له‌ ڕووى مه‌عنه‌وییه‌وه‌ بۆ په‌نابه‌رانى كامپه‌كانى ئاواره‌كانى سووریا له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆك ئومێدبه‌خشه‌ و هیواى خواست ئه‌م سه‌ردانه‌ى ببێته‌ هۆى ئاوڕدانه‌وه‌ى زیاترى كۆمیسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ڕه‌وشى په‌نابه‌ران و هانده‌ر بێت بۆ ئه‌وه‌ى UNHCR هاوكاریى زیاتر و باشتر پێشكه‌ش به‌ په‌نابه‌ران بكات.

نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا په‌نابه‌ران كه‌ ژماره‌یان 24 هه‌زار كه‌سه و زۆربه‌یان كوردن و په‌نابه‌رى عه‌ره‌بیشى تێدایه‌‌، پێویستیان به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ و هاوكاریكردنى زیاترى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌ و ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هیچ یارمه‌تییه‌كى له‌ حكوومه‌تى به‌غداوه‌ بۆ هاوكاریى په‌نابه‌ران پێ نه‌گه‌یشتووه‌، به‌ڵام حكوومه‌تى هه‌رێم چاوه‌ڕێى به‌غداى نه‌كردووه‌ و هه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م گه‌یشتنى په‌نابه‌ران، ده‌ستى به‌ هاوكاریكردنیان كردووه‌ و بڕى ده‌ ملیۆن دۆلارى بۆ یارمه‌تیى په‌نابه‌ران خه‌رج كردووه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بێت. سه‌رۆكى حكوومه‌ت تیشكى خسته‌ر هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌ت بۆ گرنگیدانى زیاتر به‌ بوارى ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌ و خوێندن و ڕایگه‌یاند كه‌ ئێستا هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك بۆ ده‌سپێكى ساڵى تازه‌ى خوێندن له‌ كامپه‌كان كراوه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ ئه‌نجه‌لینا جوولى، خۆشحاڵیى خۆى بۆ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان نیشان دا و سوپاس و ده‌ستخۆشى له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ ئه‌و هاوكارییانه‌ى كه‌ پێشكه‌ش به‌ په‌نابه‌رانى كردووه‌ به‌ كردنه‌وه‌ى كامپ و گه‌یاندنى هاوكاریى ژیارى و ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌یى و فریاكه‌وتن و پاراستنى ژیانى په‌نابه‌ران. هه‌روه‌ها هیواى به‌رده‌وامیى ئه‌و هاوكارییانه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى خواست و ڕایگه‌یاند كه‌ هه‌رێمى كوردستان شایانى هاوكاریى نێوده‌وڵه‌تى یه‌ بۆ یارمه‌تیدانى په‌نابه‌ران و له‌مڕووه‌وه‌ ئه‌ویش هه‌وڵى دابینكردنى هاوكاریى زیاترى نێوده‌وڵه‌تى بۆ هاوكارى و یارمه‌تیدانى په‌نابه‌ران ده‌دات.

له‌ كۆتایى دیداره‌كه‌دا ئه‌نجه‌لینا جوولى نوێنه‌ری نیازپاكیی كۆمیسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان UNHCR  باسى له‌ سه‌ردانه‌كانى چه‌ند ڕۆژى ڕابردووى خۆى بۆ كامپه‌كانى په‌نابه‌رانى سووریا له‌ توركیا و ئوردن كرد و تیشكى خسته‌ سه‌ر ڕه‌وشى مرۆیى په‌نابه‌ران، هیوایشى خواست كه‌ له‌ داهاتوودا دووباره‌ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان بكاته‌وه‌.

به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى باڵاى وه‌به‌رهێنان به‌رێوه‌چوو



110 پرۆژه‌ى پیشه‌سازى له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت

دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 16ى ئه‌یلوولى 2012 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان؛ سه‌رپه‌رشتیى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى باڵاى وه‌به‌رهێنانى كرد كه‌ تیایدا ڕه‌وشى ئێستاى وه‌به‌رهێنان و ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ى دێنه‌ به‌رده‌م بوارى وه‌به‌رهێنان و چۆنیه‌تیى چاره‌سه‌ركردنیان بۆ ڕه‌خساندنى بوارى زیاترى وه‌به‌رهێنان به‌ تایبه‌تیش له‌ هه‌رسێ بوارى پیشه‌سازى، كشتوكاڵى و گه‌شتیاریدا؛ خرانه‌ به‌ر باس، چه‌ند بڕیارێكى گرنگیش له‌مباره‌یه‌وه په‌سند كران.

بۆ ئه‌وه‌ى چاودێرى و كۆنترۆلێكى ته‌واوى ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌ت له‌ سه‌ر چۆنیه‌تیى جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان هه‌بێت، بڕیارى خه‌رجكردنى یه‌كه‌ى سه‌رپه‌رشتیكردن درا. به‌مه‌ش له‌مه‌ودوا چاودێرى و كۆنترۆلێكى ورد و تۆكمه‌ترى ئه‌ندازیاریى ده‌زگا و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌ حكوومییه‌كان له‌ سه‌ر چۆنیه‌تیى جێبه‌جێكردن و ئه‌نجامدانى پرۆژه‌كان ده‌بێت، به‌ تایبه‌تیش پرۆژه‌كانى كه‌رتى نیشته‌جێبوون و ده‌بیته‌ هۆى له‌به‌رچاوگرتنى باشترى پێوه‌ر و ستانداره‌كان له‌و پرۆژانه‌دا، به‌مه‌ش پرۆژه‌ى بینا و خانوبه‌ره‌ى ڕێكوپێكتر و باشتر له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

هه‌ر په‌یوه‌ست به‌ بوارى نیشته‌جێكردنه‌وه‌، ئه‌نجومه‌نى باڵاى وه‌به‌رهێنان جه‌ختى له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ لیژنه‌ى ئاماده‌كردنى ڕێنمایى تازه‌ى پرۆژه‌كانى نیشته‌جێبوون، ڕینمایى تازه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ بكات كه‌ له‌وپه‌ڕى به‌رژه‌وه‌ندیى خه‌ڵكى كه‌مده‌رامه‌تدا بێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌ باشترین و فراونترین شێوه‌ سوود به‌و خه‌ڵكانه‌ بگه‌یه‌نێت و ئه‌و ڕۆڵه‌ بگێڕێ كه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى  نیشته‌جێبوون، لێى چاوه‌ڕێ ده‌كرێت.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا؛ ئه‌و ڕاسپاردانه‌ په‌سه‌ند كران كه‌ لیژنه‌ى ئاماده‌كردنى زه‌وى بۆ پرۆژه‌كانى بوارى پیشه‌سازى و كشتوكاڵ و گه‌شتیارى ئاماده‌ى كردبوون، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ ڕێخۆشكه‌ر و ئاسانكارییه‌ك له‌ پرۆسه‌ى دابینكردن و دابه‌شكردنى زه‌وى بۆ پرۆژه‌كانى ئه‌و سێ كه‌رته‌ و وا ده‌كات كه‌ ئه‌و پرۆژانه‌ خێراتر بكه‌ونه‌ وارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

هه‌ر له‌ بوارى پرۆژه پیشه‌سازییه‌كاندا، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى باڵاى وه‌به‌رهێناندا، بڕیار له‌ سه‌ر ئه‌نجامدانى (110) پرۆژه‌ى پیشه‌سازى درا كه‌ زۆربه‌یان له‌ بواره‌كانى پیشه‌سازیى خوارده‌مه‌نى و كه‌رسته‌ و پێداویستییه‌كانى بیناسازیدان و به‌م بڕیاره؛‌ ئه‌م پرۆژانه‌ ده‌كه‌ونه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌. ئه‌نجامدانى ئه‌م (110) پرۆژه‌یه‌؛ ڕۆڵێكى دیار له‌ بنیاتنانى ژێرخانى پیشه‌سازى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا ده‌گێڕێت و به‌ هه‌زاره‌ها ده‌رفه‌تى كاریش ده‌ڕه‌خسێنێت.

له‌ كۆتایى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا؛ بڕیار درا ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا یاساى نوێى وه‌به‌رهێنان بنێرێته‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، تا له‌ وێشه‌وه‌ بۆ گفتوگۆ و په‌سه‌ندكردن بچێته‌ په‌رله‌مان. چاوه‌ڕێ ده‌كرێت په‌سه‌ندكردنى یاساى نوێى وه‌به‌رهێنان ببێته‌ هانده‌رێك بۆ ڕاكێشانى زیاترى وه‌به‌رهێنه‌رانى بیانى و ناوخۆیى و له‌ پێناو بره‌ودان و گه‌شه‌سه‌ندنى باشتر و فراونترى بواره‌كانى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستان؛ ئاسانكاریى زیاتر پێشكه‌ش بكات.

Monday, July 23, 2012

سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان خه‌ڵاتى كچه‌ قوتابى یه‌كه‌مى سه‌ر ئاستى عیراق ده‌كات


ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ 23/7/2012 به‌رێز مسعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین خه‌ڵات و رێزلێنانى پێشكه‌ش به‌ كچه‌ قوتابى یه‌كه‌مى سه‌ر ئاستى عیراق له‌ به‌شى وێژه‌یى دونیا بایز كه‌ریم كرد .

سه‌رۆك بارزانى وێراى پیرۆزبایكردن له‌ كچه‌ قوتابیه‌كه‌ و ته‌واوى خانه‌واده‌كه‌ى كه‌ ئاماده‌ى رێزلێنانه‌كه‌ بوون ، رایگه‌یاند : سه‌ربه‌رزییه‌ كه‌ كچێكى كورد یه‌كه‌مى سه‌ر ئاستى عیراق بێت و ئاماده‌یى ئه‌وه‌شى نیشاندا كه‌ هه‌ر چییه‌ك پێویست بێت بۆ سه‌ركه‌وتنى زیاترى ئه‌و قوتابییه‌ له‌ ڕووى خوێندنه‌وه‌ درێغى ناكرێت.

لاى خۆیانه‌وه‌ دونیا بایز و ته‌واوى خانه‌واده‌كه‌ى سوپاسى سه‌رۆك بارزانى كرد و رایگه‌یاند كه‌ ئه‌م رێز لێنان و خه‌ڵاته‌ نیشانه‌ى بایه‌خى به‌رێزیانه‌ به‌ ئاستى خوێندن و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئه‌و ئاسته‌.

Tuesday, July 17, 2012

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پیرۆزبایى له‌ كه‌مال شاكر كرد به‌ بۆنه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى به‌ سكرتێری حزبى شیوعى


به‌رێز مسعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بروسكه‌یه‌كى پیرۆزبایى ئاراسته‌ى دكتۆر كه‌مال شاكر كرد به‌ بۆنه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى به‌ سكرتێرى كۆمیته‌ى ناوه‌ندیى حزبى شیوعیى كوردستان، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى : به‌ ناوى خواى مه‌زن و دلۆڤان ، به‌رێز دكتۆر كه‌مال شاكر سكرتێرى كۆمیته‌ى ناوه‌ندیى حزبى شیوعیى كوردستان ، سڵاوورێز  به‌ بۆنه‌ى سه‌ركه‌وتنى كۆنگره‌ى پێنجه‌مى حزبى شیوعیى كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى به‌رێزتان به‌ سكرتێرى كۆمیته‌ى ناوه‌ندیى حزب ، پڕ به‌دڵ پیرۆزباییه‌كى گه‌رم ئاراسته‌ى به‌رێزتان و هه‌موو برایانى ئه‌ندام و دۆست و لایه‌نگرانى حزبه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌تان ده‌كه‌م و هیواى سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم .

حزبى شیوعیى كوردستان هه‌میشه‌ رۆڵێكى دیار و به‌رچاوى له‌ خه‌بات و تێكۆشاندا هه‌بووه‌ ، خوازیارم به‌رده‌وامى به‌ رۆڵى كاریگه‌رى خۆى له‌ پرۆسه‌ى سیاسیى هه‌رێمى كوردستاندا بدات و پێكه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ دڵسۆزه‌كان كار بۆ رووبه‌ڕووى مه‌ترسیه‌كان و به‌دیهێنانى مافه‌ ره‌واكانى گه‌له‌كه‌مان بكه‌ین.  دووباره‌ پیرۆزباییتان لێده‌كه‌م و خواى گه‌وره‌ پشتیوانتان بێت له‌ راپه‌راندنى ئه‌ركه‌ نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانتان.  له‌گه‌ڵ رێز و حورمه‌تم ،

مسعود بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
17ى ته‌مموزى 2012
PDF File