شەممە 15/10/2011 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازیكرد لە شاندێكی باڵای رەوتی دیموكراتی كە پێكهاتبوو لە بەرێزان د.عامر حەسەن فەیاز و د.عەلی ئەلرفیعی و جاسم ئەلحلفی و كامل مدحت و دادوەر هادی عەزیز و قاسم ئەلشبلی. |
لە دیدارێكدا، شاندی باڵای رەوتی دیموكراتی كورتەیەكیان دەربارەی پێكهات و ئامانجی رەوتەكەیان لە بواری سیاسی و ئابووری و یاسادانان و كۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاری و ژێرخان و پەروەردە و رۆشنبیری و راگەیاندنەوە پێشكەش بە سەرۆك بارزانی كرد و تەئكیدیان لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بزوتنەوەی نەتەوەیی گەلی كوردستان و لایەنە سیاسیەكانی كردەوە بە مەبەستی بونیادنانی عێراقێكی فیدراڵ و دیموكراتی پێشكەوتوو و ئاماژەیان بەوەكرد كە نزیكبوونەوەی هێزو لایەنە دیموكراتیەكان كە هێزو لایەنە كوردستانییەكان بەشێكن لێیان هێزێكی تر دەبەخشێتە پرۆسەی سیاسی عێراق لە رێگەی راستكردنەوەی رەوتی پرۆسە سیاسیەكە و هێنانەدی چاكسازی سیاسی لە گشت بوارەكاندا.
سەرۆك بارزانی، وێرای تەئكیدكردن بە پابەندبوون بە دەستوور وەكو زەمانەتێك بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و چارەسەركردنی هەموو گیروگرفتەكانی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكانی عێراق، رایگەیاند كە رەوتی دیموكراتی رەوتێكی نامۆ نییە لە گەلی كوردستان و هەر لە شۆڕشی ئەیلوولەوە دروشمی دیموكراتیەت ببووە دروشمی سەرەكی شۆڕش و پێمان وایە لە كەشێكی دیموكراتدا هەموو كێشەوگیروگرفتەكان دێنە چارەسەركردن و سەبارەت بە رەوتەكەش پشتگیری تەواوی خۆی بۆ شاندەكە راگەیاند و داوای لێكردن بەكردەوە درێژە بە كاروچالاكیەكانیان بدەن. تاوتوێكردنی دوا پەرەسەندنەكانی پرۆسەی سیاسی و ئەمنی وڵات تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
No comments:
Post a Comment